PM:03:38:16/09/2024
2556 جار خوێندراوەتەوە
لەبارەی دابەشکردنی فۆڕمی زەوی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی تایبەت بە ڕێکخراوەکان، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر وەڵامی وەزارەتێکی دیکەی داوەتەوە کە رایگەیاندبوو، وەزارەتی دارایی و ئابووری رێگرە لە پێدانی فۆڕمی زەوی بەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، تەواوی ئەو دەنگۆیانە کە دەوترێت لەبارەی ئەوەی وەزارەتەکەیان رێگرە لە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا رەتدەکەنەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هیچ پەیوەندییەکی بە پێدانی
فۆڕم و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆراندا نییە و دوور و نزیک ئەوان
بەشێک نین لەو بابەتە.باس لەوەش کراوە، هەموو ئەو ڕێنمایی
و ڕێکار و خاڵبەندییانەی بۆ پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و تەواوی چین
و توێژەکان دیاریکراوە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و
گوزاری هەرێمی کوردستانە نەک وەزارەتی دارایی.
ئەوەش خراوەتەروو، کە ئەو لایەنانەی وەزارەتی داراییان بە ڕێگری لە پێدانی
فۆڕمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ڕێکخراوەکان تۆمەتبار
کردووە هیچ زانیارییەكیان لە بارەی ڕێكار
و شێوازی دابەشكردنی فۆڕمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نییە و ڕاستگۆ نەبوون.