سەردێڕ:

خەوتن لە نزیک گڵۆپی سفردا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت

PM:11:59:15/09/2024

1964 جار خوێندراوەتەوە

وێژینەوەیەک دەریخستووە، خەوتن لەبەردەم رووناکییەکی کەم، وەک تەلەفزیۆنێک کە دەنگەکەی کوژاوەتەوە، شەکری خوێن و لێدانی دڵی گەنجانی تەندروستی بەرزکردووەتەوە کە بەشدارییان لەو توێژینەوەیەدا کردووە.


دکتۆر فیلیس زی، بەڕێوەبەری سەنتەری پزیشکی خەو لە زانکۆی نۆرس وێستەرن لە فێرگەی پزیشکی فاینبێرگ دەڵێت، رووناکی کز لە رێگەی گڵۆپی سفرەوە دەچێتە ناو پێڵوی چاوەکانەوە و خەو تێک دەدات.

بە شێوەیەکی گشتی لێدانی دڵ لە شەودا دادەبەزێت و خاو دەبێتەوە بەهۆی ئەوەی مێشک سەرقاڵی نوێکردنەوەی جەستەیە، بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ لە شەودا لە چەندین توێژینەوەدا دەرکەوتووە کە هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە داهاتوودا و مردنی کتوپڕ.

بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا نیشانەی بەرگری ئەنسۆلینە، کە جەستە بە شێوەیەکی دروست بەکارهێنانی گلوکۆز رادەگرێت، جەستە ئەنسۆلینی زیادە دەردەدات بۆ ئەوەی قەرەبووی زیادە بکاتەوە تا لە کۆتاییدا توانای خۆی لەدەست دەدات، بە تێپەڕبوونی کاتیش، بەرگری ئەنسۆلین لە کۆتاییدا دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم.

توێژینەوەکانی پێشتر دەریانخستووە کە پەیوەندی نێوان رووناکی دەستکرد لە شەودا و زیادبوونی کێش و قەڵەوی و تێکچوونی کارکردنی میتابۆلیک و دەردانی ئەنسۆلین و گەشەکردنی نەخۆشی شەکرە و هۆکارەکانی مەترسی دڵ و خوێنبەرەکان هەیە.

بۆ ئەم مەبەستەش، زی و تیمەکەی ٢٠ کەسی تەندروستیان لە تەمەنی بیستەکاندا برد و دوو شەویان لە تاقیگەیەکی خەودا بەسەربرد، شەوی یەکەم لە ژوورێکی تاریکدا کە نەیاندەتوانی زۆر شت ببینن، هێندە تاریکییەکەی زۆر بوو.

زی دەڵێت "شەپۆلەکانی مێشکیانمان تۆمارکرد و توانیمان بزانین کەسەکە لە چ قۆناغێکی خەوتندایە، بەهەمان شێوەش هەناسەدانیان، لێدانی دڵیان، هەروەها خوێنمان لێ وەرگرتن بۆ پێوانەکردنی ئاستی میلاتۆنین لەکاتی خەوتندا".

بەشێکی هەڕەمەکی لە گروپەکە هەمان ئاستی تاریکییان بۆ شەوی دووەم لە تاقیگەدا دووبارە کردەوە، لە کاتێکدا گروپێکی تریان بە رووناکییەکی کز خەوتن، وەک هەڵبوونی "گڵۆپی سفر".

لە ئەنجامدا، گروپی دووەم لێدانی دڵیان خێراتر بوو، بەرگری ئەنسۆلینیان بەرزتر بوو، هەروەها سیستەمی دەماری و پاراسمپاتیک (پشوودان) ناهاوسەنگ بوو، ئەمەش پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە هەیە لە کەسانی تەندروستدا.

دکتۆرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، تەنانەت ئەو بڕە بچووکە لە رووناکی جوڵەی خێرای چاوی دروستکردووە، هەروەها نوێبوونەوەی خانەکانیشی کەمتر کردووەتەوە لە جەستەدا.



 
 

 













گەلەری