سەردێڕ:

سودانی رەزامەندی لەسەر ناردنی پارەی مووچەی هەرێم دا

PM:03:15:15/08/2024

78584 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی حەوت داوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی حەوت داوە بەڵام تا ئێستا دیار نییە کەی پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری هەرێم.

هاوکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، تەنها واژۆیەک ماوە بۆ ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێم و هەوڵێکیش هەیە بۆ ئەوەی کێشەی لیستی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر بکرێت و لەگەڵ مووچەخۆرانی دیکەدا مووچەکانیان وەربگرن.

پێشتر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەی خستە روو، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق تێبینی ئەوەی هەیە لە لیستی هێزە ئەمنییەکان، ناوی هەشت هەزار مووچەخۆری تێدایە بەڵام هەرێم داوای مووچەی ١٢٣ هەزار مووچەخۆر دەکات و ئەوەش پێویستی بە رەزامەندی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقە.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، دوێنێ چوارشەممەش جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەمڕۆ پارەی مووچەی مانگی حەوت دەنێرن بۆ هەرێم.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە دواکەوتنی مووچەی هەرێم کرد و لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامی ئاشکرای کرد، رۆژی پێنجشەممە پارە بۆ مووچەی مانگی حەوتی هەرێم دەنێرن.

ئەوەشی خستە روو، ناکرێت مانگانە هەرێم بە هەمان کەموکورتی و کێشەی دووبارەوە لیستی مووچە بۆ بەغدا بنێرێت و ببێتە هۆی دواکەوتنی مووچە.

هێرش قادر- هەولێر













گەلەری