ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمدا نرخی دۆلار لە بەرزیدا ماوەتەوە و ١٠٠ دۆلار بە زیاتر لە ١٥٠ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە نرخی دۆلار بەرزبووەتەوە بۆ خانەی ١٤٩ هەزار و ١٥٠ هەزار دینار و ماوەی هەفتەیەکیشە لە ١٥٠ هەزار دیناردایە، ئەمڕۆش ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٥٠ هەزار و ١٠٠ دینارە.
لەلایەکی
دیکەوە، لەسەر ئاستی هەفتانە؛ بانکی ناوەندی فرۆشی زیاد کردووە و بە تێکڕا لە ماوەی
هەفتەی رابردوودا یەک ملیار و ٣٨٧ ملیۆن و ٦٣٩ هەزار و ٩٠١ دۆلاری بەشێوەی
کاش و حەواڵەی دەرەکی بە بانک و بازرگانەکان فرۆشت.
لە ئێستادا، بەهۆی
فراوانبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسی جەنگی ئێران و ئیسرائیل نرخی دۆلار بە رێژەدی
٢٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیوە.
سەرەڕای ئەوەی فراوانبوونی
گرژی و ئاڵۆزییەکان کە کاریگەریی دەکەنە سەر بازاڕەکانی ناوخۆ، بەتایبەت عێراق؛ بەشێکن
لە ناجێگیری نرخی دراو، شارەزایەکی ئابووری بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند،ئەوەی زیاتر نرخی دۆلار بەرز دەکاتەوە ترسی هاوڵاتییانە.
ئاماژەی بەوەش
کرد، بەهۆی ترسی هاوڵاتییان بەرامبەر بە دۆخی ناوخۆ و پەنابردنیان بۆ دراوی بیانی
بەتایبەتیش دۆلار، وادەکات بەهای زیاتر بدات بە دراوەکە، چونکە بەهۆی ئەوەی دۆلاری
ئەمریکی دراوێکی جیهانییە و بەشێوەیەکی گشتیش هەژموونی ئەمریکا بەهۆی ئابوورییەکەیەوە
بەسەر بەشێکی زۆری وڵاتاندا زیاترە، خەڵک متمانەی زیاتر بەو دراوە دەبەخشێت بەراورد
بە دراوی ناوخۆیی.
هـ.ئـ