سەردێڕ:

دابەشکردنی هاوکاری هاوپەیمانانی پێشمەرگە لەڕێگەی هەژماری منەوە کێشەی تێکەوت

PM:02:48:08/08/2024

1720 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی دروستبوونی گرفت لە پڕۆژەی هەژماری من پێشمەرگەکانی لیوا هاوبەشەکان ناتوانن لە ئامێرەکانی هەژماری من هاوکاریی هاوپەیمانان وەربگرن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە پرۆژەی هەژماری من لە سلێمانی کێشەی تێکەوت و بەوهۆیەوە بەشێک لە پێشمەرگەکانی لیوا هاوبەشەکان ناتوانن ئەو هاوکارییەی هاوپەیمانان لەڕێگەی ئەو ئامێرانەوە رابکێشن کە بۆیان تەرخان کراوە.

باسی لەوەش کرد، گرفتەکان هەندێکیان بەهۆی چالاک نەکردنی هەژماری ئەو کەسانەوەیە لەلایەن پڕۆژەی هەژماری منەوە و هەندێکی دیکەشیان ئەو پارەیەی وەری دەگرن نەخراوەتە سەر هەژمارەکانیان.

بەشێک لەو پێشمەرگانە بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، لەکاتی راکێشانی پارەکانیان لە ئامێرەکانی هەژماری من ئامێرەکان کارتەکانیان ناخوێنێتەوە و کێشەی بۆ دروست بووە بۆیە ناتوانن ئەو هاوکارییە وەربگرن.

ئەوەش لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ، بەهۆی کەمکردنەوەی ئەو هاوکارییەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ لیوا هاوبەشەکان دابین دەکرێت لە ٤٣٦ هەزار دینارەوە بۆ ٣٨٦ هەزار دینار، گرفت بۆ دابەشکردنی پارەکانیان لیوا هاوبەشەکان دروست بووە. بەشێك لەو پێشمەرگانەش بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، بەهۆی زیادکردنی ژمارەیەک هێزی نوێوە بۆ لیوا هاوبەشەکان لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە، ئەو بڕە پارەیە لە پێشمەرگەکانی دیکە کەم کراوەتەوە.













گەلەری