ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، راسپێردراون بۆ هاوتاکردنی مووچەی ٢٥٠ هەزار خانەنشینی هەرێم، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوون بە ئەنجامێک تا داوا لە دەستەی خانەنشینی نیشتمانی بکەن بۆ هاوتاکردن، چونکە ئەو پارەیەی لە خانەنشینان بڕاوە لە کاتی خزمەتدا هەرێم نەیناردووە بۆ دەستەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە، موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، دەستەی خانەنشینی نیشتمانی لەڕێگەی سندوقی خانەنشینانەوە کە ئەو پارانەی تێدایە کە لەکاتی خزمەتدا لە خانەنشینان بڕاوە مووچە دابین دەکات بەڵام هەرێم تا ئێستا ئەو پارەیەی نەناردووە و بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان دەبێت عێراق خۆی ئەو بڕە پارەیە بخاتە سەر مووچەی خانەنشینانی هەرێم.
ئاماژەی
بەوەش کرد، راسپێردراون بۆ هاوتاکردنی مووچەی ٢٥٠ هەزار خانەنشینی
هەرێم، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوون بە ئەنجامێک تا داوا لە دەستەی خانەنشینی
نیشتمانی بکەن و پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق بیکات بە مەرج بەسەر هەرێمەوە کە
ئەو بڕە پارەیە بدات بە دەستەی خانەنشینانی عێراق.
ئەوەشی خستە
روو، دەستەی خانەنشینی نیشتمانی تەنها پارە بۆ ئەو خانەنشینانە خەرج دەکات کە لە
ماوەی خزمەتەکانیاندا پارەیان لێ بڕاوە و پارەکەیان گەڕاوەتەوە بۆ سندوقی
خانەنشینی و پێویستە داوا لە هەرێم بکرێت ئەو پارەیە بدات بە دەستەکە تاوەکو
مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای خانەنشینانی عێراق بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی رابردوودا، حكومەتی
کاربەڕێکەر لەژێر فشارەکاندا رەزامەندی دا بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای
فیدراڵی و هەمواركردنەوەی مووچەی خانەنشینانی هەرێم بەپێی یاسای خانەنشینیی
یەكگرتووی ژمارە ٩ـی عێراقی ٢٠١٤ـی هەمواركراو، لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی حەوتدا
لیستی مووچەی خانەنشینانی بە هاوتاکراوی ناردە بەغدا.
لە هەرێم ٢٧٧
هەزار خانەنشین هەیە کە مووچەکانیان لە ٢٢٠ هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و کۆی
مووچەکانیان ١٢٢ ملیار دینارە، بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووش هەر
یەکێکیان جگە لە زیادکردنی مووچەکانیان هەریەکەیان ١٠٠ هەزار دەرماڵەی گوزەرانیان
بۆ خەرجدەکرێت.