PM:08:51:05/08/2024
65208 جار خوێندراوەتەوە
چاوگێک لە وەزارەتى دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە دوو رۆژى داهاتوودا مووچەى مانگى حەوت دەنێردرێت و بەغدا داواى پوختەى راژەى فەرمانبەران دەکات و تائێستا هەرێم نەیناردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئار تی راگەیاند، بەغدا داوای پوختەى راژەى فەرمانبەرانى هەرێمی کردووە کە تەواوى زانیارییەکانى دۆسیەى دامەزراندنى فەرمانبەرانی تێدایە، بەڵام حکومەتى کاربەرێکەر زانیارى فەرمانبەرانى نەداوە بە بەغدا بۆ بەبانکیکردنى مووچە.
وتیشی، هۆکارى سەرەکى دواکەوتنى مووچە نەناردنى پوختەى راژەیە کە چەند
مانگێک بەغدا داواى دەکات و هەرێم تائێستا نەیناردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژى داهاتوودا ئەو کێشانەش چارەسەر
ببن و پارەکە بنێردرێت.
چاوگەکە ئاماژەى بەوەش کرد، هەرێم تائێستا هیچ هاوکارى بەغدا نەبووە
بۆ بەبانکیکردنى مووچەى هەرێم و جێگیرکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمیش هاوشێوەى
بەغدا، هەروەها تائێستا پوختەى راژەى فەرمانبەرانى بۆ بەغدا نەناردووە، سەربارى ئەوەى
چەند مانگێکە بەغدا داواى دەکات.
ئێن ئاڕ تى ئەوەشى زانیووە، کە لیژنەیەکى وەزارەتى دارایی عێراق لە هەرێم
لێکۆڵینەوە لە چەند دۆسەیەکى تایبەت بە موچە دەکەن و گەیشتوونەتە کۆتایی.