سەردێڕ:

لەمساڵدا هەناردەی نەوتی عێراق نزیکەی ٤٪ زیادی کردووە

PM:08:36:03/08/2024

776 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی داتاکانیان لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا تێکڕای هەناردەی نەوتی عێراق ٦٠٠ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە، کە زۆرترین هەناردە لە بەندەری بەسڕە و کێڵگەکانی ناوەڕاستەوە بووە.


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە داتاکانیان لە ماوەی مانگی یەک تاوەکو مانگی شەشی ئەمساڵ، کۆی هەناردەکردنی نەوت گەیشتووەتە ٦١٨ ملیۆن و ٤٤ هەزار و ٤٤٥ بەرمیل.

ئاماژە بەوەش کراوە، رێژەکە بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣، نزیکەی ٤٪ زیادی کردووە.

ئەوەش خراوەتە روو، تێکڕای هەناردەکردنی مانگانە ١٠٣ ملیۆن و حەوت هەزار و ٤٠٧ بەرمیل، رۆژانەش سێ ملیۆن و ٤٣٣ هەزار بەرمیل بووە.

باس لەوەش کراوە، لەو شەش مانگەدا زۆرترین هەناردەی نەوتی خاو لە بەندەری بەسڕە و کێڵگەکانی ناوەڕاستەوە بووە و گەیشتووەتە ٦١١ ملیۆن و ٩٥٢ هەزار و ١١٧ بەرمیل، هاوکات هەناردەی کێڵگەی قیارە سێ ملیۆن و ٩٩٩ هەزار و ٤١٧ بەرمیل بووە.

لە راپۆرتەکەدا ئەوە هاتووە، دوو ملیۆن و ١٣٣ هەزار و ١١١ بەرمیلیش لەڕێگەی بەندەرەکانی دیکەی نەوتەوە هەناردەی ئوردن کراوە.













گەلەری