بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەست بە داشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت، بڕیاریشە مووچەی سەرجەم مووچەخۆران لە ماوەی هەفتەیەکدا دابەش بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەواو بوو، دەست بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچە کراوە.
ئاماژەی بەوەش
کرد، خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوتی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە واژۆی سەرۆک
وەزیرانی عێراق هەیە، بەڵام لە ئێستادا بە سەردانێک لە پایەتختی ئێرانە وئەوەش وا دەکات
ناردنی مووچە بکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
بە گوێرەی زانیارییەکان،
بە سێ قۆناغ و سێ کاتی جیاواز دەست بە رێکارەکانی پارەدارکردنی وەزارەتی دارایی
حکومەتی کاربەڕێکەر دەکرێت. وتیشی، "مووچەی كەسوكاری شەهیدان و خاوەن پێداویستی
تایبەت و خانەنشینانی مەدەنی دەخرێتە سەر وەزارەتی دارایی و دواتر مووچەی فەرمانبەران
و پاشان مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی
دارایی".
هاوکات لەو بارەیەشەوە،
سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی
تاوتوێی ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ رۆژانە لە پەیوەندیدان
لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و چاوەڕوانی نوسراوی محەمەد شیاع سودانیی سەرۆک وەزیرانە
تا بڕیار لەسەر مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێم بدات.
باسی لەوەش
کرد، وەزیری دارایی عێراق چاوەڕوانی نوسراوی سەرۆک وەزیرانە بۆ بڕیاردان لەسەر
ناردنی مووچەی هەرێم. دەشڵێت، "مووچەی مانگی حەوتی سەرجەم وەزارەتەکان پێکەوە
دێت".