سەردێڕ:

بانکی TBI: رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگرینەبەر کە بەناوی ئێمەوە دۆلار بفرۆشێت

PM:01:35:30/07/2024

1044 جار خوێندراوەتەوە

بانکی بازرگانیی عێراق رایگەیاندووە، رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگرنە بەر کە بەناوی بانکەکەوە لەڕێگەی ژمارە تەلەفۆن و پەیجی ساختە و بەکارهێنانی لۆگۆی بانکەکەوە، مامەڵەی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی ئەنجام بدات.


ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی بازرگانیی عێراق TBI لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە مەبەستی فریودانی هاوڵاتیان، لەم دواییەدا کۆمەڵێک کەس لەڕێگەی ژمارە تەلەفۆن و پەیجی ساختە و بەکارهێنانی لۆگۆکەیان، بە ناوی بانکەکەوە ریکلام دەکەن بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی.

باسی لەوەش کردووە، ئەو پەیجانە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ریکلام بۆ فرۆشتنی دۆلار دەکەن بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران یاخود ئەو کەسانەی کە مامەڵەی گواستنەوەی پارە لەڕێگەی بانکەکەوە ئەنجام دەدەن و هاوڵاتیان بەلاڕێدا دەبەن.

ئەوەشی خستووەتە روو، لەدوای بەدواداچوونەکانیان ناوی چەند ژمارە تەلەفۆن و پەیجێکی ساختەیان دەستنیشان کردووە کە هەڵساون بە ئەنجامدانی ئەو کارە و بەپێی یاسای عێراقیش رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگرنە بەر.

هاوکات، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لەڕێگەی ژمارە تەلەفۆن و پەیج و سایتە فەرمییەکانی بانکەکەوە نەبێت مامەڵەکانیان ئەنجام نەدەن.

بانکەکە راشیگەیاندووە، بەپێی یاسای عێراق، رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگرنە بەر کە بەبێ رێگەپێدانی بانکەکە و بەشێوەیەکی نایاسایی مامەڵەی دۆلار بەناوی بانکەکەوە ئەنجام بدات.













گەلەری