پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوتی وەزارەتەکانی عێراق لە قۆناغی کۆتاییدایە و تەنها چەند وەزارەتێکی کەم ماون مووچەکانیان دابەش بکرێت، چاوگێکیش لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چاوەڕوان دەکەن لە زووترین کاتدا سەرجەم کێشەکانی پەیوەست بە لیستی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمەوە چارەسەر بکرێن. دەشڵێت، "ئەگەر ئەمڕۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن، پارەی مووچە دەنێرین".
ئەمڕۆ دووشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا باسی لەوە کرد، دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوتی سەرجەم وەزارەتەکانی عێراق لە کۆتاییدایە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ پڕۆسەکە تەواو ببێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانە روونکردنەوەی
لەسەر ئەوە پێ بدرێت کە بۆچی گۆڕانکاری لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمدا کراوە
و هەندێک وەزارەت داوای پارەی زیاتریان بۆ
کراوە و هەندێک وەزارەتی دیکەش داوای پارەیەکی کەمتریان بۆ کراوە بەراورد بە
مانگەکانی رابردوو.
هاوکات، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەراورد
بە لیستی مووچەی مانگەکانی رابردوو، هەندێک وەزارەتی هەرێم ژمارەی مووچەخۆرەکانیان
زیادی کردووە کە ئەوەش جێگەی سەرنجە، بەوپێیەی هەرێم بۆی نییە بەبێ رەزامەندی
وەزارەتی دارایی عێراق هیچ فەرمانبەرێک دابمەزرێنێت.
ئەوەشی خستە روو، چاوەڕوان دەکرێت لە زووترین کاتدا سەرجەم کێشەکان چارەسەر
بکرێن و ئەگەر ئەمڕۆ کێشەکان چارەسەر کران، هەر ئەمڕۆ پارەی مووچەی مانگی حەوت
رەوانەی هەرێم دەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ٢٧ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی
راگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی عێراق کۆتایی
دێت و ئەگەر لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کێشەی تێدا نەبێت، ئەوا راستەوخۆ دوای
تەواوبوونی پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە لە عێراق، پارەی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی
هەرێم رەوانە دەکەن.
گۆران عەبدوڵا - بەغدا