لە ئێستادا نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیوە و بە تێکڕاش ١٦ هەزار دینار جیاوازی هەیە لە نێوان نرخی بازاڕەکان و بانکی ناوەندیدا، لەو بارەیەشەوە راوێژکارێکی سودانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ئەو جیاوازییە بەهۆی خواستی هاوڵاتیانەوە بۆ دۆلار دروست بووە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی هێشتا نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار نەگەڕاوەتەوە نرخی چەند مانگی رابردووی، لە ئێستادا ئەو بەرزبوونەوەیە جێی مەترسی نییە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بەرزبوونەوەیەی بەراورد بە مانگی رابردوو لە بەهای دۆلاردا دروست بووە، بەهۆی زۆری خواستی
هاوڵاتیانەوەیە بۆ دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری کاش، نەوەک هۆکارێکی ئابووری لە پشتبێت.
باسی لەوەش کرد، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی فرۆشی کاش بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار،
نرخی ١٠٠ دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ١٤٥ هەزار دینار، بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕە دۆلارەی
بەشێوەی کاش دەفرۆشرێت کەمترە لە ١٥ ملیۆن دۆلار و ئەوەش وای کردووە خواستی هاوڵاتیان
بەرامبەر بە دۆلار روو لە زیادبوون بکات. وتیشی، "تا خواستی هاوڵاتیان بەرامبەر
بە دۆلار کەمتر ببێتەوە، نرخی دۆلار زیاتر روو لە دابەزین دەکات".
پێشتریش بەرپرسی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ
تی راگەیاند، هەوڵ دەدەن لە رێگەی خستنەڕووی پێنج دراوەکەی دیکەوە، کە یۆرۆ، لیرەی
تورکی، تمەنی ئێرانی، ییەنی چینی و درهەمی ئیماراتین، خواستی بازرگانان و هاوڵاتیان
بەرامبەر بە دۆلاری کاش و حەواڵە کەم بکەنەوە، چونکە ئەوە نرخی دۆلار زیاتر سەقامگیر
دەکات.
باسی لەوەش کرد، لە بازاڕەکانی هەرێم و عێراق نرخی دۆلار لەنێوان ١٤٨ هەزار
بۆ ١٥٠ هەزار دیناردا ماوەتەوە، لە کاتیکدا نرخی ١٠٠ دۆلار لە بانکی ناوەندی ١٣٢ هەزار
دینارە، ئەوەش وایکردووە ١٦ بۆ ١٨ هەزار دینار جیاوازی لە نرخی دۆلاردا دروست ببێت،
لە کاتیکدا دەبێت تەنها ٨ بۆ ١٠ هەزار دینار جیاوازی هەبێت.