سەردێڕ:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی: بودجەی عێراق مافی مووچەخۆرانی هەرێم دەپارێزێت

AM:09:50:28/07/2024

8068 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بودجە بۆ پاراستنی ماف و خەرجی هەموو مووچەخۆرانە و بەتایبەتیش مووچەخۆرانی هەرێم. وتیشی، "مووچەخۆرانی هەرێم پێویستە دڵنیابن کە مافەکانیان بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی پارێزراوە و هیچ لایەنیک ناتوانێت کێشە بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان دروست بکات".


ئەمڕۆ یەکشەممە، موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و دادگای فیدراڵی عێراق مافی مووچەخۆرانی هەرێم لە بودجەدا پارێزراوە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی بودجەی ئەمساڵ بە زیاتر لە ٢١١ ترلیۆن دینار پەسەندکراوە، لەگەڵ ئەو خەرجییە زۆرەدا هیچ گرفتێک بۆ مووچەی مووچەخۆران دروست نابێت و تەواوی مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا بۆ تەرخان دەکرێت.

لەو بارەیەشەوە عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئین ئاڕ تی راگەیاند، هەوڵدراوە لەنێو ناکۆکییە سیاسی و دارایەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەرێکی ریشەیی بۆ پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدۆزرێتەوە.
لە چەند رۆژی رابردووشدا، ئاریان تاوگۆزی ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر کراوە، ئەگەر لەوە زیاتر حکومەتی کاربەڕێکەر گرفت دروست نەکات مانگانە مووچە لەکاتی خۆیدا دابەش دەکرێت.













گەلەری