کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەو وڵاتە کەمی کردووە و بەتێکڕا ١٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، تێکڕای هاوردەکردنی نەوت لەماوەی هەفتەی رابردوودا لە هەشت وڵاتی گەورەوە گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و ٩٧٤ هەزار بەرمیلی رۆژانە.
ئاماژە بەوەش کراوە، بەوپێیەی تێکڕای هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا
لە هەفتەی پێشووتر شەش ملیۆن و ٤٤ هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە، تێکڕای هەناردەکردن ٧٠
هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمی کردووە.
باس لەوەش کراوە، لەو ماوەی ئەو هەفتەیەدا لە عێراقەوە ١٥٠ هەزار
بەرمیلی رۆژانە هاوردە کراوە، لەکاتێکدا هەفتەی پێشووتر ٢٢٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە
بووە.
ئەوەش خراوەتە روو، کەنەدا لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانە بووە کە
زۆرترین نەوتیان بۆ ئەمریکا هەناردە کردووە و دوای ئەو مەکسیک بە پلەی دووەم و کۆڵۆمبیا
بە پلەی سێیەم دێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی حوزەیرانی
ئەمساڵدا عێراق پێنج ملیۆن و ٤٢٥ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە و
رێژەکەش بەراورد بە مانگی ئایار کەمی کردووە، بەوپێیەی مانگی ئایار عێراق پێنج
ملیۆن و ٨٠٦ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە کرد.