سەردێڕ:

بەهۆی گەرماوە؛ ٢١ کەس لە مەغریب گیانیان لەدەستدا

PM:08:54:25/07/2024

952 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی مەغریب بڵاویکردەوە، بەهۆی شەپۆلی گەرماوە، ٢١ کەس کە کەسانی بەساڵاچوو و تووشبووی نەخۆشی درێژخایەنیان تێدا بووە، گیانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی مەغریب بڵاویکردەوە، بە تەنها لە رۆژی رابردوودا، ٢١ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی شەپۆلی گەرماوە لە وڵاتەکەدا تۆمار کراون.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وڵاتدا بەشێوەیەکی بەرچاو بووەتە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی ئەو کەسانە و دواتر گیانلەدەستدانیان کە بەشێکیان کەسانی بەساڵاچوو و تووشبووی نەخۆشی درێژخایەن بوون.

پێشتر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی وڵاتەکە هۆشداری لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو لە وڵاتدا دابوو، ئاماژەی بەوەش کردبوو کە پلەکانی گەرما لە پارێزگای بێنی مەلال بۆ نزیکەی ٤٨ پلە بەرز دەبنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دەزگای چاودێریی گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی کەشوهەوای جیهان راپۆرتێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پلەکانی گەرما لە رۆژی ٢١ـی تەمموزی ئەمساڵ لە بەرزترین ئاستدا بووە و بەتێکڕاش پلەکانی گەرما ١٪ بەرزتر بووە لە ساڵانی رابردوو.

هاوکات، سەنتەری نەتەوەیی بۆ زانیاری ژینگەیی سەر بە حکومەتی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ٢٠٢٤ لە ریزبەندی پێنج گەرمترین ساڵەکانی مێژوودایە، پێشبینی دەکرێت ببێتە گەرمترین ساڵی مێژووش.


 













گەلەری