سەردێڕ:

چۆن تەکنەلۆجیا و دراوی ئەلیکترۆنی ترەمپ بەرەو کۆشکی سپی دەبەن؟

PM:05:08:25/07/2024

1840 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەیەکی کەمدا کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا و خاوەنەکانیان پاڵپشتییەکی توندیان بۆ کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا راگەیاند، لە کاتێکدا پێشتر بە توندی گەڕانەوەی ئەو سەرۆکەیان بۆ کۆشکی سپی رەتدەکردەوە.


ئاژانسی فانیتی بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیا و کەسایەتییە بەناوبانگ و دەوڵەمەندەکانی نێو جیهانی تەکنەلۆجی هەریەکەو بە هۆکارێک بەڵێنیان داوە پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بکەن.

لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ـدا چی روویدا؟

لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ـدا ٧٣٪ـی دەنگەکانی ویلایەتی سانتا کلارا کە بەشی زۆری دۆڵی سلیکۆنی تەکنەلۆجی پێکدەهێنێت بۆ رکابەری ترەمپ بوو و ٢٥٪ـیشی بۆ ترەمپ بوو تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦شدا پاڵپشتی ترەمپ لە جیهانی تەکنەلۆجیدا لاواز بوو.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی WIREDزۆرینەی کەرتی سەرمایەداری ئەمریکا پاڵپشتی کاندیدی دیموکراتەکان دەکەن و لە بەرامبەریشدا، زۆرینەی دەنگی کەرتی تەکنەلۆجیا پاڵپشتی ترەمپن و ئامادەن هاوکاری بکەن.

ئیلۆن مەسک و هاوڕێکانی هاوکێشەکەیان گۆڕی

هەرچەندە دوو ساڵ لەمەوبەر ئیلۆن مەسک خاوەنی کۆمپانیای ئێکس( تویتەری پێشووتر) تێسلا و سپەیس ئێکس باسی لەوە کردبوو، پێویستە ژیانی سیاسی ترەمپ کۆتایی پێ بێت و دووبارە خۆی کاندید نەکاتەوە کاتێکیش کۆمپانیای تویتەری کڕی ترەمپی لە تۆڕەکە بلۆک کرد، بەڵام لە ماوەی رابردوودا مەسک بەردەوام لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پاڵپشتی ترەمپ دەکات و دەڵێت، "ترەمپ دووەم گەورەترین شتە لەسەر زەوی لە دوای سووتەمەنی مووشەکەوە".

بەپێی زانیارییەکانی میدیا جیهانییەکان، مەسک بەڵێنی داوە ٤٥ ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ تەرخان بکات و هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باسیان پاڵپشتی نەکردنی مەسک بۆ ترەمپ دەکرد.

نەک تەنها مەسک کامیرۆن وینکلڤۆس و تایلەر وینکلڤۆس کە دوو برای دیاری کەرتی تەکنەلۆجین و لە بواری دراوی کریپتۆن و لە سەرەتای فەیسبووکیشەوە پشکیان لەو تۆڕەدا هەبووە بەهۆی پاڵپشتیکردنی ترەمپ بۆ دراوی ئەلیکترۆنی و پێشخستنی بازرگانی ئەلکترۆنییەوە پاڵپشتی ترەمپ دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە دەیڤد ساکس خاوەنکار و وەبەرهێنەرە لە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای ئینتەرنێت کە پێشتر پاڵپشتی هیلاری کلینتۆنی دەکرد، رایگەیاند، پاڵپشتی ترەمپ دەکات چونکە دەتوانێت ئابووری بەرەوپێش ببات.

زۆکەربێرگ؛ خاوەنی مێتا لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟

مارک زۆکەربێرگی خاوەنی کۆمپانیای مێتا کە فەیسبووک و ئینستاگرام و وەتسئاپ لە خۆ دەگرێت بە کەمی بەشداری چالاکییە سیاسییەکان دەکات و خۆی بە دوور دەگرێت لە سیاسەت بەڵام لە کۆتا چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بلومبێرگدا باسی لەوە کرد، ترەمپ پیاوێکی بەهێزە. وتیشی، "هەستانەوەی ترەمپ دوای ئەوەی گولـلەی بەرکەوت لە پەنسیلڤینیا یەکێک بوو لە بەهێزترین ئەو شتانەی بینیومە".

مارک ئەوەشی خستە روو، وەک ئەمریکییەک قورسە هەست بە سۆزداری نەکات بەرامبەر ئەو بەهێزییەی ترەمپ و هەر ئەوەش هۆکاری خۆشویستنییەتی لەلایەن لایەنگرانییەوە.

دراوی کریپتۆ

ئەندرێسن و هۆرۆڤیتز کە کۆمپانیایەکی ئەمریکی سەرمایەداری ئەلیکترۆنییە و لە دراوە کریپتۆکاندا کاردەکات رەخنەی لە هەوڵەکانی کارگێری بایدن گرت بۆ سەپاندنی رێسای توندتر بەسەر دراوە کریپتۆکان و کۆنتڕۆڵکردنی توندتر لەسەر زیرەکی دەستکرد و یاسای نوێی باج بۆ قازانجی سەرمایەی ئەلیکترۆنی.

جگە لەو کۆمپانیایە، بازرگانانی دراوی ئەلکترۆنی پاڵپشتی ترەمپ دەکەن و دەیانەوێت هاوکاری ماددی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی بکەن چونکە ئەو کاندیدە چەند کارنامەیەکی لە بەرژەوەندی تەکنەلۆجیا و بازرگانییەکانی ئەودا داڕشتووە و لە سەرەتای بانگەشەوە بەڵێنی کەمکردنەوەی باجی بە گوێی ئەو کەسە دەوڵەمەندانەدا چرپاند.

دیموکراتەکان چیان بۆ کەرتی تەکنەلۆجیا پێیە؟

لە بەرامبەر بەڵێنەکانی ترەمپ بۆ کەسانی دیاری کەرتی تەکنەلۆجیا و بازرگانی دراوە ئەلیکترۆنییەکان کامالا هاریس کە پێشبینی دەکرێت ببێتە جێگرەوەی بایدن کەسایەتییە دیارەکانی وەک رێد هۆفمان و مارک بینیۆف کە لە دۆڵی سلیکۆن بازرگانی گەورەیان هەیە، پاڵپشتی دەکەن.

بەپێی میدیا ئەمریکییەکان، کامالا هاریس ئەو کاتەی داواکاری گشتی بووە ئاسانکار بووە لەگەڵ کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ئەو کۆمپانیانە پێشکەوتنی باشیان بە خۆیانەوە بینیەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، کەسانی دەوڵەمەندی کەرتی تەکنەلۆجی ئەگەر ویستێکیشیان هەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی کاندیدی هاریس نازانن لە کاتی بوون بە سەرۆک چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆڵی سلیکۆن و کۆمپانیاکانیان و بازرگانییەکانیان دەکات.













گەلەری