سەردێڕ:

لەسەر وەرگرتنی دیارییەک؛ یاسا لێپێچینەوە لە خانمی یەکەمی کۆریای باشوور دەکات

PM:10:48:24/07/2024

2484 جار خوێندراوەتەوە

داواکارى گشتى کۆریاى باشوور لێکۆڵینەوەى لە خانمى یەکەمى وڵاتەکەی کرد لەسەر وەرگرتنى دیارییەک، بابەتەکەش وەک دۆسییەکى گەندەڵى کاردانەوەى گەورەى لێکەوتەوە.


داواکارى گشتى کۆریاى باشوور بۆ ماوەى ١٢ کاتژمێر لێپرسینەوەی لە کیم کیۆن هی خانمی یەکەمی کۆریای باشوور و هاوسەری یۆن سوک یۆل سەرۆکی ئەو وڵاتە کرد لەسەر دۆسێیەک کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ٢٠٢٢ کە تایبەتە بە وەرگرتنى دیارییەک لە کۆمپانیاى دیۆرى فەرەنسى کە بەهاکەى دوو هەزار و ٢٠٠ دۆلار بووە.

وەرگرتنى ئەو دیارییە لەلایەن خانمی یەکەمی وڵاتەکەوە کاردانەوەى گەورەى لە ناو راى گشتى و میدیاکانى ئەو وڵاتە بە ناوى دۆسیەی ئابڕووبەرى دیۆر دروستکرد، چونکە بەپێى یاساکانى ئەو وڵاتە، ئەو کارە بە پێشێلکردنی رەفتاری حکومی دادەنرێت.

بەپێی یاسای ئەو وڵاتە بەرپرسانی حکومەت و هاوسەرەکانیان بۆیان نییە دیارییەک وەربگرن کە بەهای زیاتر بێت لە ٧٥٠ دۆلار.

لەو بارەیەوە میدیاکانى کۆریاى باشوور بڵاویانکردووەتەوە، دۆسیەی جانتاکەى دیۆر کاریگەرى گەورەى لەسەر راى گشتى و بۆچوونى دەنگدەران لە هەڵبژاردنى مانگى نیسانى رابردووى پەرلەمانى ئەو وڵاتە دروستکردووە، کە تیایدا پارتەکەى سەرۆکى کۆریاى باشوور رووبەڕووى شکستێکى گەورە بووەوە لەبەرامبەر ئۆپۆزسیۆن و زۆرینەى پەرلەمانییان لەدەستدا.

میدیاکان باس لەوەش دەکەن، دۆسیەی دیارییەکەى خانمى یەکەمى کۆریا کاریگەرى لەسەر ماوەى مانەوەى سەرۆکى کۆریا لە پۆستەکەى دروستکردووە کە لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ساڵى ٢٠٢٢ بۆ ماوەى پێنج ساڵ هەڵبژێردرا و لە ئێستادا دەنگى ناڕەزایی لە دژى دروستبووە و داواى لێدەکرێت پۆستەکەى جێبهێڵێت.

بەهێزی ڕای گشتی خەڵکى کۆریا لەبەرامبەر گەندەڵییەکی بچوک وایکردووە هاوسەری سەرۆکی وڵات پەلکێشی دادگا بکرێت، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان رۆژانە دۆسیەی گەندەڵی زۆر گەورەی بنەماڵە حکومڕانەکان ئاشکرا دەبێت، هەزاران دۆنم زەوی بۆخۆیان و خێزانەکانیان داگیر دەکەن، سەدان هەزار بەرمبیل نەوت بە قاچاخ دەفرۆشن، خەڵکیش چاوەڕێن رۆژێک بێت و دام و دەزگاى پۆلیس و دادوەرى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکەن و سزایان بدەن.













گەلەری