لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر زیادکردنی پارەی قەرزی خانووبەرە بە بڕی ٥٠٠ ملیار دینار.
ئەمڕۆ سێشەممە، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکی خانووبەرە و بانکی ناوەندی کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجام داوە و پرسی قەرزی خانووبەرە تاوتوێ کراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەستپێشخەری خانووبەرە و
پێداچوونەوە بە رێکارەکانی بانکی خانووبەرە بۆ پێدانی قەرز بە هاوڵاتیان تەوەری
سەرەکی گفتوگۆکان بوون.
باسی لەوەش کرد، پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنی بانکەکان دەروازەیەکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی
کەرتی ئابووری لە وڵاتدا.
ئەوەشی خستە روو، بانکی ناوەندی رەزامەندی داوە لەسەر زیادکردنی پارەی قەرزی
خانووبەرە بە بڕی ٥٠٠ ملیار دینار، کە ئامانج لێی ئاسانکاریکردنە بۆ هاوڵاتیان بە
مەبەستی سوومەندبوون لە قەرزی خانووبەرە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی ئایاردا
بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، دەستەی
بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندی چەند بڕیارێکی لەبارەی زیادکردنی پارەی قەرزی خانووبەرە
داوە. وتیشی، " بەپێی بڕیارەکان بڕی سێ ترلیۆن دینار بۆ قەرزی خانووبەرە زیاد دەکرێت
کە لەڕێگەی بانکی خانووبەرە و سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق دەدرێت بە هاوڵاتییان".