چاوگێکی ئاگادار بە میدیاکانی راگەیاندووە، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا پێش راگەیاندنی بڕیاری کشانەوەکەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ماڵەکەی لە ویلایەتی دیلاویر پەیوەندی بە راوێژکارەکەی و نووسەرێکەوە کردووە و داوای هاوکاری لێکردوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، بڵاوبوونەوەی وردەکارییەکانی پشت کشانەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە رکابەرایەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوامە و چاوگێکی ئاگادار بە میدیاکانی راگەیاندووە، دوو کەسی نزیکی بایدن لە ئێوارەی رۆژی شەممە نامەی کشانەوەی بایدنیان نووسیوە.
چاوگەکە ئەوەی خستووەتە روو، جۆ
بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئێوارەی رۆژی شەممە لە ماڵەکەی لە ویلایەتی دیلاویر بووە بۆ بەسەربردنی
پشوو و چاکبوونەوەی لە کۆرۆنا و پەیوەندی بەستیف ریکیتی یەکێک لە گرنگترین راوێژکارەکانییەوە کردووە و پێی وتووە،
"پێویستم بە تۆ و مایک هەیە".
باسی لەوەش کردووە، لە ئێوارەی رۆژی
شەممەوە تا درەنگانی شەوی هەمان رۆژ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ستیف ریکیتی یەکێک لە گرنگترین راوێژکارەکانی
و مایک دۆنیلۆن یەکێک لە کەسایەتییە ستراتیجییەکان و نووسەر، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیان
ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو
کۆبوونەوە سێ قۆڵییەدا یەکێک لە گرنگترین پەیامەکانی مێژوویان نووسیوە کە پەیامی
کشانەوەی بایدنە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دوای فشارێکی زۆری دیموکراتەکان
بۆ گۆڕینی کاندیدەکەیان و کشانەوەی بایدن.
لەبارەی ئاگاداربوونی ستافەکەی
بایدن ئەو چاوگە رایگەیاند، تا چەند خولەکێک پێش راگەیاندنی کشانەوەکە ستافەکەی
بایدن ئاگاداری کشانەوەی ئەو نەبوون و بەیانی رۆژی یەکشەممە لەگەڵ کامالا هاریس جێگری
سەرۆکی ئەمریکا و جێف زینتس سەرۆکی ستافەکەی و ئۆمالی دیلۆن سەرۆکی کەمپینی
هەڵبژاردنەکەی کۆبووەتەوە.
شەوی رابردوو، جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای
ئەمریکا و کاندیدی پێشووی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا کشانەوەی
خۆی لە کاندید بوون راگەیاند و باسی لەوە کرد، بڕیارەکەی لە بەرژەوەندی حزب و گەلەکەیدا
داوە.