ترامپ رایگەیاند، بایدن خراپترین سەرۆکی مێژووی ئەمریکا بووە و ئەگەر جێگرەکەشی لە بری بایدن کاندید بکەن بەسەریدا سەردەکەوێت.
دوای تێپەڕبوونی چەند خولەکێک بەسەر کشانەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆماریەکان لە یەکەم کاردانەوەیدا و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سی ئێن ئێن رایگەیاند، بایدن خراپترین سەرۆک بوو لە مێژووی ئەمریکادا.
دوای کشانەوەی
بایدنیش، دەنگۆکان بۆ دانانی کامالا هاریس جێگری ئێستای سەرۆکی ئەمریکا بۆ پۆستەکە
بڵاوبووەوە و لەوبارەوە، ترامپ باسی لەوە کرد، رکابەریکردنی کامالا هاریس و
سەرکەوتن بەسەریدا ئاسانترە لە سەرکەوتن بەسەر جۆ بایدندا.
لەگەڵ کامالا هاریسدا
دەنگۆ ئەوە هەیە باراک ئۆباما سەرۆکی پشووتری ئەمریکا و هیلاری کلینتۆن کاندیدی
پێشووتری ئەو پۆستە دووبارە کاندیدی دیموکراتەکان بن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا.
ئەمشەو، جۆ بایدن سەرۆکی
ئێستای ئەمریکا لە راگەیاندراوێدا کشانەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا
راگەیاند و دەڵێت، ئەو بڕیارەی لە بەرژەوەندی گەل و حزبەکەیدا داوە.
ئەوەشی خستووەتە روو،
ویستوویەتی دووبارە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا کاندید بکاتەوە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی
گەل و حزبەکەی دەستبەرداری ئەو ویستەی دەبێت و بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکانی وەک سەرۆکی
ئەمریکا، تاوەکو هەڵبژاردن دەکرێت و ماوەی دەسەڵاتەکەی کۆتایی دێت.
لە راگەیاندراوەکەیدا
بایدن باسی لەوەش کردووە، سوپاسی کامێلا هاریسی جێگری و ئەندامانی حکومەتەکەی و گەلەکەی
دەکات کە بەشداربوون لە سەرکەوتنەکانی دەسەڵاتەکەی و دەشڵێت، "لە ماوەی
داهاتوودا وردەکاری زیاتر لەبارەی بڕیارەکەمەوە بڵاودەکەمەوە".
بڕیارەکەی بایدن دوای
ئەوە هات کە پێشتر رایگەیاند، ئەگەر کێشەیەکی تەندرووستی بۆ دروست ببێت لە کاندیدبوون
دەکشێتەوە و دواتر کۆشکی سپی توشبوونی ئەو سەرۆکەی بە کۆرۆنا راگەیاند.
بایدن پێشتر لەبارەی جێگرەوەکەی
ئەوەی خستبووە روو، پێشنیار دەکات کامێلا هاریسی جێگری لە بری ئەو کاندید بکرێت،
چونکە دڵنیایە چۆن پۆستی جێگری سەرۆکی بە سەرکەوتووی پڕکردووەتەوە ئاواش دەتوانێت
سەرۆکێکی باش بێت بۆ ئەمریکا.
کشانەوەی بایدن لە کاتێکدایە،
چوار مانگ ماوە تا ئەمریکییەکان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرن
و کێبڕکێیەکی توندیش لەنێوان بایدن و ترەمپدا هەبوو.