PM:08:58:21/07/2024
4796 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی ئێستای ئەمریکا رایگەیاند، لە کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا کشاوەتەوە. دەشڵێت، "بەردەوام دەبم لە ئەرکەکەمدا تا وادەی دەسەڵاتم کۆتایی دێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە، جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا کشانەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیاند و دەڵێت، ئەو بڕیارەی لە بەرژەوەندی گەل و حزبەکەیدا داوە.
ئەوەشی خستووەتە روو، ویستوویەتی دووبارە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا کاندید بکاتەوە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی گەل و حزبەکەی دەستبەرداری ئەو ویستەی دەبێت و بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکانی وەک سەرۆکی ئەمریکا، تاوەکو هەڵبژاردن دەکرێت و ماوەی دەسەڵاتەکەی کۆتایی دێت.
لە راگەیاندراوەکەیدا بایدن باسی لەوەش کردووە، سوپاسی کامێلا هاریسی جێگری و ئەندامانی حکومەتەکەی و گەلەکەی دەکات کە بەشداربوون لە سەرکەوتنەکانی دەسەڵاتەکەی و دەشڵێت، "لە ماوەی داهاتوودا وردەکاری زیاتر لەبارەی بڕیارەکەمەوە بڵاودەکەمەوە".
بڕیارەکەی بایدن دوای ئەوە هات کە پێشتر رایگەیاند، ئەگەر کێشەیەکی تەندرووستی بۆ دروست ببێت لە کاندیدبوون دەکشێتەوە و دواتر کۆشکی سپی توشبوونی ئەو سەرۆکەی بە کۆرۆنا راگەیاند.
بایدن پێشتر لەبارەی جێگرەوەکەی ئەوەی خستبووە روو، پێشنیار دەکات کامالا هاریسی جێگری لە بری ئەو کاندید بکرێت، چونکە دڵنیایە چۆن پۆستی جێگری سەرۆکی بە سەرکەوتووی پڕکردووەتەوە ئاواش دەتوانێت سەرۆکێکی باش بێت بۆ ئەمریکا.
کشانەوەی بایدن لە کاتێکدایە، چوار مانگ ماوە تا ئەمریکییەکان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرن و کێبڕکێیەکی توندیش لەنێوان بایدن و ترامپدا هەبوو.