سەردێڕ:

دوای زیاتر لە دوو مانگ ئەمڕۆش بە خانەنشینانی سەربازی وترا: پارە نییە

PM:02:33:21/07/2024

4656 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر مانگی پێنجدا؛ کە دەبوو ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازی مووچەکانی مانگی پێنج و شەشیان وەربگرن، جارێکی دیکە پێیان وترا: پارە نییە.


لەماوەی مانگی چوار تاوەکو شەشدا خانەنشینانی سەربازی تەنها یەک مووچەیان وەرگرت، ئەمڕۆش کە دەبوو مووچەی دوو مانگی رابردوویان پێبدرێت، دیسانەوە بانکەکان پێیان دەڵێن، بە دەستی بەتاڵ بگەڕێنەوە ماڵەوە، پارە نییە.

ماوەی هەفتەیەکە خانەنشینان هاتوچۆی بەردەم بانکەکان دەکەن و هەموو رۆژ بە دەستی بەتاڵ دەیان نێرنەوە، ئەو خانەنشینانەش دەڵێن، پێیان وتووین تاوەکو کاتێکی نادیار پارە نییە.

ئەو خانەنشینانە باس لەوەدەکەن، ئاوا چاکەیان دەدەنەوە کە لە رابردوودا خەباتیان کردووە.

سابیر کەلهوڕی خەباتکار و شاعیر و بیرمەند، کە یەکێکە لەو خانەنشینانەی ئەمڕۆ لە بەردەم بانکدا بە دەستی بەتاڵ ناردیاننەوە بۆ ئێن ئاڕ تی ئەوەی خستەڕوو، "شەرمەزاری لای منداڵەکانمان بووین"، دەشڵێت، "ئێمە ویژدانمان نافرۆشین و حەق بە ناحەق نافرۆشین".

باس لەوەشدەکات، "پێغەمبەری موسوڵمانان شەرمی لە ریشی سپی کردووە، بەڵام ئەم حکومەتە شەرم لە هیچ شتێک ناکات، ئەمان وایان کرد گەورەترین شۆڕشگێڕ چاوی لە دەرگای بەغدا بێت".

خانەنشینان باس لەوەدەکەن، ئەوان شۆڕشیان کرد بۆئەوەی خاک و لادێ و دارەکان بژیەنەوە، بەڵام دەسەڵاتداران لادێکانیان هێنایە ناوشار، شوانەکانیان کردە چەکدار، لەبری سەرمایەی وڵاتان بهێننەوە و لێرە وەبەرهێنانی پێبکەن، سامان و سەرمایەی ئەم خاکەیان بردە وڵاتان.

خانەنشینانی سەربازی؛ ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە یان ناوخۆن، زۆرینەیان خەباتکار و پێشمەرگەی کۆنن و لە ساڵانی ٥٠کانەوە خەباتیان کردووە و لە پڕۆسەی ئازادکردنی کوردستان و راپەڕیندا رۆڵی گرنگیان هەبووە.

ئەو خەباتکارانە باس لەوەدەکەن، ئەوان شۆڕشیان بۆ رزگاربوون لە ژێردەستەیی رژێمی دیکتاتۆری ئەوکات کردووە و خەونیان ئەوە بووە کورد ببێتە خاوەن دەسەڵات و خاک و وڵاتی خۆی خۆی بەڕێوەی ببات، بەڵام لەئێستادا هەر لەلایەن ئەو دەسەڵاتە کوردییەوە ئازار دەدرێن و نەک تەنها مووچەیان پێنادرێت، بەڵکو وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکەی هەرێم لە خزمەتگوزارییەکانی دیکەش بێبەشن.
هـ.ئـ













گەلەری