سەردێڕ:

کاریگەری پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت لەسەر مرۆڤ و شێوازی ژیانکردن چییە؟

PM:09:45:20/07/2024

1616 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای ئەو هەڵە هونەرییەى لە سیستمی مایکرۆسۆفتدا روویدا، کە بەهۆیەوە هەزاران گەشتی ئاسمانی و شەمەندەفەر و سێکتەرە بانکی و ئابورییەکان پەکیان کەوت، پرسیاری ئەوە دەکرێت کە ئەگەر وەستانى ئینتەرنێت زیاتری بخایەندایە یان هەر بە یەکجارى بپچڕایە چى روویدەدا؟


دروستبوونی هەڵەیەکی هونەریی بۆ چەند کاتژمێرێک لە سیستمی مایکرۆسۆفتدا لە ١٩ـی ئەم مانگەدا، جیهانی تووشی کارەسات کرد و ئابووری زۆرێک لە وڵاتانی تووشی ئیفلیجبوون کرد، کە هەندێک بە جەڵتە ناوی دەبەن.

لەگەڵ سەرەتاکانی دەرکەوتنی لە ساڵی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا و تا ئەمڕۆ، ئینتەرنێت بووەتە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ژیانکردن بۆ نزیکەی چوار ملیار کەس لە سەرتاسەری جیهاندا، کە دەکاتە نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی.

هاوکات، خێرایی ئەوانەی دەبنە بەشداربووی نوێ لەو جیهانە دیجیتاڵییەدا، گەیشتووەتە خێرایی رووناکی و لەهەر چرکەیەکدا ١٠ کەسی نوێ دەبنە بەشداربوو، وەک ئەوەی شادەمارێک بێت بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان.

بەڵام لە جیهانی ئێستادا کە تەکنەلۆژیای ئینتەرنێت باڵی بەسەر هەموو کایەکانی ژیاندا گرتووە، ئەگەر تەنها بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لێی داببڕێین ئەوا کۆمەڵێک کاریگەرى گەورە دروست دەکات.

یەکێک لەو کاریگەرییانە وەستانی بۆرسەکانی دراو و بازرگانییە ئەلکترۆنییەکانە، کە وادەکات هەناردەکردن پەکی بکەوێت و ئاستی بەرهەم دابەزێت، هەروەها مامەڵە لەبانکەکاندا رادەگیرێت چونکە توانای مامەڵە ئەلکترۆنییەکان لەدەست دەدەن.

لەلایەکی دیکەوە بواری پەیوەندیکردن بە سەختی کاریگەر دەبێت و کاریگەری خراپ لەسەر بەهاناوەچوونی حاڵەتە کتوپڕەکان دروست دەکات.

هەروەها جگە لە پەکخستنی بوارە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، سیستمی ئاسایش و بەرگریش بەهەمان شێوە کاریگەر دەبن لەکاتی نەمانی هێڵی ئینتەرنێت و بە ئاسانی دووچاری مەترسی و هەڕەشەی سەربازیی دەبنەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، پێشتر و ئێستاش سەرجەم توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بەکارهێنانی ئینتەرنێت گەیشتووەتە ئاستى ئاڵودەبوون و کاتێک بەکارهێنەرانی لەدەستی بدەن دەروونیان پێی کاریگەر دەبێت، چونکە چیتر ناتوانن لەو جیهانە دیجیتاڵییەدا بژین و رەنگە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی بەدواوە بێت، ئەگەرچی هەندێکیش بۆچوونی پێچەوانەیان هەیە و پێیان وایە ئەو تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییە مرۆڤەکانی گۆشەگیر و دوورەپەرێز کردووە و ژیان بەبێ ئینتەرنێت سادەتر و ئاسودەتر دەبێت.













گەلەری