تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لە مەترسییەکی بێدەنگ کە زیاتر لە یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن کەسی پێگەیشتوو رووبەڕووی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە کوشندەکان دەکاتەوە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لەوەی، بەپێی دوایین بەدواداچوونیان، لە هەر سێ کەسێکی پێگەیشتوو یەک کەس بەپێی پێویست وەرزش ئەنجام نادات یان هەر ئەنجامی نادات، کە ئەمەش تەندروستیی تاک دەخاتە مەترسییەوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە، تەمبەڵی و وەرزش نەکردن نزیکەی
یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن کەسی پێگەیشتوو لە سەرانسەری جیهاندا دەخاتە بەر مەترسی
تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم و نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و شێرپەنجە
و بیرچوونەوە و خەمۆکی.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، پێویستە هەفتانە لانی
کەم دوو کاتژمێر و نیو وەرزشی مامناوەند ئەنجام بدەیت کە دەکاتە تەنها ٢٢ خولەک لە
رۆژێکدا، بەڵام ٣١٪ی خەڵک بەشێوەیەکی گشتی وەرزش ناکەن.
رودیگەر کرێش بەڕێوەبەری بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی
لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەی خستووەتەڕوو، "ناچالاکی جەستەیی هەڕەشەیەکی
بێدەنگە لەسەر تەندروستی، بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە لە توشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان،
بە ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی دەتوانین بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش مەترسی توشبوون بە
نەخۆشی کەم بکەینەوە و کۆمەڵگەیەکی تەندروستتر و بەرهەمدارتر دروست بکەین."
لە راپۆرتەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیدا ئاماژە بەوە
کراوە کە ئاستی ناچالاکی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٥٪ بەرزبووەتەوە و
ئەگەر رێژەکە بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ ئاستی
ناچالاکی بگاتە ٣٥٪.
راپۆرتەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، جیاوازی تەمەن و رەگەز
یەکێکە لە نیگەرانییەکان، بەوەی ناچالاکی جەستەیی لەنێوان ژناندا زیاترە بەراورد
بە پیاوان، هەروەها ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروو ٦٠ ساڵەوەیە کەمتر چالاکن.
تەندروستی جیهانی داوا لە سەرجەم وڵاتان دەکات،
سیاسەتەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و گرنگیدان بە وەرزش و چالاکی جەستەیی
بەرەوپێش ببەن.