سەردێڕ:

چۆن پڕۆگرامێک بانک و کۆمپانیا جیهانییەکانی لەکارخست؟

PM:07:12:19/07/2024

2116 جار خوێندراوەتەوە

كۆمپانیای کراود ستریک کە کۆمپانیایەکی تایبەتە بە کاروباری ئاسایشی ئەلیکترۆنی، دوای ئەوەی هەوڵیدا وەشانێکی نوێی بۆ بەکارهێنەران ئامادە بکات، لەکاتی ئەپدەیتکردنەوەیدا هەڵەیەک روویدا و ئەوەش بووە هۆی لەکارخستنی سیستمی فڕۆکەخانەکان و بانکە جیهانییەکان و بەشێک لە بازاڕە داراییەکان.


ماڵپەڕی داون دیتكتۆر، كە تایبەتە بە چاودێری خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە ئینتەرنێت، ئەمڕۆ پچڕانی كاری زۆرێك لە بانك و كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردنی ئاشکرا کرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە راپۆرتێکدا باس لە کاریگەرییەکانی ئەو ئەپدەیتە بکات کە لە بانکەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ سیستمی فڕۆکەخانەکان و بەهۆیەوە هەزاران گەشت هەڵوەشێندرایەوە.

کراود ستریک لە بنەڕەتی کێشەکاندا؛

کراود ستریک؛ کۆمپانیایەکی ئەمریکییە و تایبەتە بە بواری ئاسایشی ئەلیكترۆنی کە بۆ پاراستنی زانیاری و رێگریكردن لە هێرشی ئەلیكترۆنی بۆسەر كۆمپانیاكان کاردەکات.

ئەم كۆمپانیایە ساڵی ٢٠١٢ لەسەر دەستی (جۆرج كورتز) دامەزراوە كە خۆی پێشتر فەرمانبەر بووە لە "MCAFee "، کە كۆمپانیایەكی بواری ئاسایشی ئەلیكترۆنی بووە لە ئەمریكا و خاوەندارێتی كۆمپانیاكە لەنێوان چەند كەس و دامەرزاوەیەكدا دابەش بووە، بەڵام پشكی گەورە لەژێر دەسەڵاتی سندوقی وەبەرهێنانی بانکی ئەمریکایە.

'فاڵکۆن' ئەو پڕۆگرامەی بووە گرفت بۆ جیهان؛

پڕۆگرامی فاڵکۆن کراود ستریک کە بە گرنگترین بەرهەمی سایبەرسکیوریتی ئەو کۆمپانیاکە دادەندرێت، ئەمڕۆ بووە هۆی گرفت بۆ دەیان بانک و فڕۆکەخانە لەسەرانسەری جیهان و عێراقیش.

کراود ستریک بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٩ـی تەمموز رایگەیاند، سێرڤەری فاڵکۆن ستریک ئەپدەیت دەكاتەوە، كە بە خێرایی دەتوانێت گرفتەکە ئاشکرا بکات و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا.

رووداوەکە چۆن روویدا؟

ئەپدەیتی پڕۆگرامی تایبەت بەو سیستمی ویندۆزە کە فاڵکۆن ستریکە، دوای ئەوەی گرفتی بۆ دروست دەبێت، راستەوخۆ سیستمی بانکەکان کاریگەرییان دەکەوێتە سەر و دواتریش سیستمی فڕۆکەخانەکان، ئەو لەکارکەوتنەش پێی دەوترێت ( مەرگی شین) کە تایبەتە بەو شاشانەی کە سیستمی ویندۆز بەکاردەهێنن.

ئەو ئامێرانەی كە بە سیستمی ویندۆزی مایكرۆسۆفت كاردەكەن، دوای پچڕانی سێرڤەر راستەوخۆ لەكار دەكەون، ئەمەش لەبەرەنجامی دروستبوونی هەڵە لە شێوازی كارلێكی ئەپدەیتی ئەو پڕۆگرامەی كە کراود ستریک لەگەڵ مایكرۆسۆفت دەریكردووە.

دوای دروستبوونی گرفتەکە، سەرۆكی جێبەجێكاری کۆمپانیای کراود ستریک رایگەیاند، ئەوەی روویداوە هێرشی ئەلیكترۆنی نەبووە و لە لێدوانێكیشیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی CNBC جەختی لەوە كردەوە کە گرفتە تەكنیكییەكە بەشێوەیەكی خێرا دۆزراوەتەوە، زۆرێك لە سیستمەكان چالاک کراونەتەوە.

وتیشی، " هەستناکەم چارەسەری ئەم گرفتە ئاسان بێت و بۆ ئەوەی ئەم گرفتە چارەسەر بكرێت دەبێت دووبارە بچینەوە ناو هەموو داتاکانی سیستمی ویندۆز و فایلی کراود ستریک بسڕینەوە و دووبارە چالاکی بکەینەوە".













گەلەری