سەردێڕ:

نرخی نەوت بەرزبووەوە

AM:08:45:18/07/2024

744 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی پێنوێنی بازاڕی جیهانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی جیهانی بە ٨٥ دۆلار و ٤٤ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی دوو دۆلار بەرزبووەتەوە.


‎هاوکات، بەهۆی فراوانبوونی خواستی ئەمریکا و کۆگای نەوتی کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی تێکساس بە ٨٣ دۆلار و ٤١ سەنتە، بەهەمان شێوەی نەوتی برێنت نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پابەندن بە رێککەوتنی ئۆپیک بۆ بەرهەمهێنانی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. وتیشی، ئەو بڕە زیادەیەی لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەرهەم هێنراوە کە بڕەکەی ١٨٤ هەزار بەرمیل بووە، قەرەبوو دەکرێتەوە.

پێشتر، وڵاتانی ئۆپیک پڵەس لەسەر ئەوە رێککەوتبوون کە بەرهەمهێنانی سێ ملیۆن و ٦٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ و بەرهەمهێنانی خۆبەخشانە بە رێژەی دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە کە لە مانگی حوزەیراندا کۆتایی پێهات، کەم بکەنەوە.

دواتر، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بڕیاریدا رێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ درێژ بکاتەوە، ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕی نەوت دەبێت لە جیهاندا.














گەلەری