سەردێڕ:

دەست بە دابەشکردنی شایستەی دارایی مانگی چواری وانەبێژان دەکرێت

PM:01:23:10/07/2024

920 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەرێکی وانەبێژان رایگەیاند، لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا شایستە داراییەکانی مانگی نیسانی وانەبێژان کە لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار دیناردایە دابەشدەکرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی رەئوف نوێنەری وانەبێژان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەگوێرەی رێنوێنیی ژمارە ١٤ـی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر لە رۆژی یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی داهاتوودا شایستە داراییەکانی مانگی چواری وانەبێژان خەرج دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن،لەنێوان ٢٥٠ بۆ ٣٥٠ هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت، وە هەر وانەبێژێکیش کە هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت لە نێوان ٢٥٠ بۆ ٤٠٠ هەزار دیناری بۆ خەرج دەکرێت.

باسی لەوەش کردووە، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان ٣٧ هەزار مامۆستای وانەبێژە کو تێکڕای خەرجی مانگانەیان ١٥ ملیار دینارە بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان.

هاوکات لەبارەی چارەسەرکردنی دۆخی وانەبیژان و دامەزراندنیانەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە بۆ دامەزراندنی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژان تەنها یەک رێگە هەیە، کە ئەویش گواستنەوەی خەرجییەکانی وانەبێژانە بۆ سەر خەرجی حاکیمە، کە تەنها لە دەسەڵاتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقە.













گەلەری