لەدوای ئەوەی بەپێی ئەنجامە بەراییەکان هاوپەیمانێتی چەپەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا زۆرترین دەنگییان بەدەست هێنا و پارتەکەی ماکرۆن نەیتوانی زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، سبەی دووشەممە نامەی دەست لەکارکێشانەوەی دەداتە سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، گابرێل ئاتال سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، سبەی دووشەممە نامەی دەست لەکارکێشانەوەی ئاڕاستەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسایە دوای ئەوەی هاوپەیمانێتییەکەی
ماکرۆن نەیتوانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
ئەوەشی خستە روو، ئەگەر دەستلەکارکێشانەوەکەی
رەتبکرێتەوە، ئەوا ئامادەیە لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ئەرکەکەی پێویستی
پێیەتی.
ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، دەزگاکانی
راپرسییە پێشەنگەکانی فەرەنسا بڵاویان کردەوە،
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدانی خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا ،
هاوپەیمانی چەپەکان لە پلەی یەکەمدایە بە بەدەستهێنانی ١٧٢ بۆ ٢١٥ کورسی، هەروەها
هاوپەیمانێتی پێکەوەیی کە لەلایەن ماکرۆنەوە سەرۆکایەتی دەکرێت بە پلەی دووەم دێت
و بەرەی نیشتیمانی کە لەلایەن راستڕەوە توندڕەوەکانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت بە پلەی
سێیەم دێن.
لە خولی یەکەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی
پەرلەمانی فەرەنسا ، کە لە ٣٠ حوزەیران بەڕێوە چوو، پارتە راستڕەوەکان نزیکەی ٣٤٪ـی
دەنگەكان و پارتە چەپەکانیش ٢٢ـی دەنگەكان و پارتەكەی ئیمانوێل ماكرۆنیش ٢٢٪ـی دەنگەكانیان
بەدەستهێنا.
رێژەی بەشداریش لە خولی یەکەمدا نزیکەی
٧٠٪ بوو و هەروەها بەپێی میدیاکان رێژەی بەشداریکردن لە خولی دووەمدا ٥٩.٧١٪ بوو کە
ئەوەش بەرزترین رێژەی بەشداریکردنە لە خولی دووەمدا لە ساڵی ١٩٨١ـەوە.