سەردێڕ:

بۆ کەمکردنەوەی رێژەی قەڵەویی؛ چین رێکارێکی نوێ دەگرێتە بەر

PM:11:09:06/07/2024

2872 جار خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی قەڵەوی، کۆمیسیۆنی تەندروستی چین هەڵمەتێکی نوێی پەروەردەیی و زانیاری دەستپێکرد دوای ئەوەی ئامارەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە نیوەی دانیشتوان لە چین بەدەست کێشی زیادە یان قەڵەویەوە دەناڵێنن.


وەک لە "روسیا تودەیـ"ـدا هاتووە، ئاژانسی "شینهوا"ـی چینی ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی هەڵمەتەکە کۆنتڕۆڵکردنی کێشەکەیە لە رێگەی ئەو دروشمانەوە کە گرنگی بە پێشخستنی بیرۆکەی کۆنتڕۆڵکردنی خۆراکی هاوسەنگ و چالاکی جەستەیی و خەوی تەندروست و رێوشوێنی دیکە دەدات.

ئاژانسەکە لە زاری یانهۆنگ وتەبێژەکەیەوە دەڵێت، قەڵەوی و کێشی زیادە کێشەیەکی جددی تەندروستی گشتییە، بۆیە دەبێت دەسەڵات دەستوەردان بکات و دۆخەکە باشتر بکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ئاژانسەکە ئاماژەی پێکردووە، نیوەی دانیشتوانی پێگەیشتوو لە وڵاتەکەدا کێشیان زیادە یان قەڵەون، ١٩٪ـی منداڵانی خوار تەمەن شەش بۆ ١٧ساڵ و ١٠٪ـی منداڵانی خوار شەش ساڵ لە چین کێشیان زیادە یان قەڵەون.

زانایان هۆکاری ئەم کێشەیە دەگەڕێننەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییە سەرەکییانەی کە لە خۆراکی چینیدا روویانداوە، لەوانە زیادبوونی خواردنی بەرهەمە ئاژەڵییەکان و خۆراکە پڕۆسێسکراوەکان کە رێژەیەکی زۆر شەکر و چەوری تێدایە، هەروەها کەمبوونەوەی ئاستی چالاکیی جەستەیی.













گەلەری