سەردێڕ:

رێکخراوی فاو: لەسەر ئاستی ساڵانە نرخی مادە خۆراکییەکان ٢.٥٪ دابەزیوە

PM:08:15:05/07/2024

1188 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەپێی پێوەرەکانی نرخی خۆراکی جیهانی، لە مانگی رابردوودا نرخی مادە خۆراکییەکان لەسەر ئاستی ساڵانە ٢.٥٪ دابەزیوە، بەڵام بەراورد بە مانگی ئایاری ئەمساڵ بە جێگیری ماوەتەوە.


ئەمڕۆ هەینی، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە "فاو" لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە پشتبەستن بە پێوەری نرخی خۆراکی جیهانی، نرخی مادە خۆراکییەکان لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٢٠ خاڵ.

باسی لەوەش کردووە، نرخی مادە خۆراکییەکان بەراورد بە مانگی ئایاری رابردوو کە گەیشتە ١٢٠.٤ خاڵ ، گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و بەجێگیری ماوەتەوە، لەکاتێکدا لە سێ مانگی پێش مانگی ئایار رێژەکە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە.

ئەوەشی خستووەتە روو، نرخی مادە خۆراکییەکان بەراورد بە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، ٢.٥٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە مانگی شووباتی ئەمساڵدا نرخی مادە خۆراکییەکان لە جیهاندا نزمترین ئاستی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا تۆمار کردبوو.














گەلەری