سەردێڕ:

هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا کۆتایی هات؛ دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت

AM:12:02:05/07/2024

5080 جار خوێندراوەتەوە

کەمێک لەمەوبەر هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا کۆتایی هات و سندوقەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا داخران، لە ئێستاشدا پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستی پێ کردووە.


ململانێی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بۆ بەدەستهێنانی ٦٥٠ کورسی پەرلەمانی بەریتانیا کۆتایی هات، لە ئێستادا سەرجەم لایەنەکان و دەنگدەرانی ئەو وڵاتە، چاوەڕوانی جیاکردنەوەی دەنگەکانن.

هاوکات، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامە بەراییەکاندا و لە بەشێک لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.

باسی لەوەش کرد، پارتی کرێکاران چاوەڕوانی سەرکەوتنی گەورە دەکات و بەشێکی میدیاکانی وڵاتەکەش دەڵێن، پێدەچێت پارتی کرێکاران بتوانێت کۆتایی بە حکومڕانی ١٤ ساڵەی پارتی پارێزگاران بهێنێت.

لە ئێستاشدا لە سەرتاسەری وڵاتەکە پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستی پێکردووە و پێشبینی دەکرێت تا چەند کاتژمێری داهاتوو زۆرینەی سندوقەکانی دەنگدان جیا بکرێنەوە.

پەرلەمانی بەریتانیا لە ٦٥٠ کورسی پێکدێت و هەر پارتێک پێویستی بە ٣٢٦ کورسییە بۆ ئەوەی ببێتە زۆرینە و بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت. لە کۆتا چوار هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیاشدا، پارتی پارێزگارانی دەسەڵات بەردەوام دەنگەکانی کەمی کردووە و شکستی هێناوە، بە جۆرێک، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢١ـدا، پارتی پارێزگاران ١١٪ـی دەنگەکانی لەدەستداوە و لە پلەی یەکەمەوە دابەزیوە بۆ پلەی سێیەم، هەر بۆیە پێشبینییەکان بەو ئاڕاستەیەن، پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار، دوای ١٤ ساڵ شکست بهێنێت و دەسەڵات لەدەست بدات.













گەلەری