رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی جەنگی ناوخۆی سودان و دەستپێکردنی هەڵمەتی کۆنتڕۆڵکردنی سێ شاری سودان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرای وڵاتەکە، زیاتر لە ١٣٦ هەزار کەس لە باشووری رۆژهەلاتی سودان ئاوارە بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆ لەنێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپا لە سودان، بە تێکڕا نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە.
باسی لەوەش
کرد، بەهۆی بەردەوامی جەنگەکە و پەرەسەندنی، هۆشداری لە قەیرانی مرۆیی و برسێتی دەدرێت
بەتایبەت لەو ناوچانەی لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنتڕۆڵ کراون.
ئەوەشی خستە
روو، بەهۆی ئەو هەڵمەتی کۆنتڕۆڵکردنی هێزەکانی
پشتیوانی خێرا لە ٢٤ـی حوزەیران دەستیان پێکرد، لە ویلایەتی سێنار کە دەکەوێتە
باشووری رۆژهەڵاتی سودان، زیاتر لە ١٣٦ هەزار کەس ئاوارە بوون.
ئاماژەی بەوەش
کرد، ویلایەتی سێنار، زیاتر لە ٢٨٥ هەزار کەسی تێدایە کە بەهۆی جەنگەوە، لە ناوچەکانی
دیکەی سودانەوە ئاوارەی ئەو ناوچەیە بوون، لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتی کۆنتڕۆڵکردنەش بەشێکیان
بۆ جاری دووەم و سێیەم ئاوارە دەبن.
ئەوەش لەکاتێکدایە،
لە ١٤ـی نیسانی ساڵی رابردووەوە جەنگی سودان لەنێوان سوپای وڵاتەکە و هێزی پشتیوانی
خێرای سوداندا لەسەر دامەزراندنی ئەندامانی هێزی پشتیوانی خێرا دەستی پێکردووە و
تا ئێستاش بەردەوامە، هەر بەهۆی بەردەوامی جەنگەکەش تاوەکو سەرەتای تەمموزی ئەمساڵ،
٤٩ ملیۆن کەس رووبەڕووی برسێتی و توندوتیژی بوونەتەوە و ١٣ بۆ ١٥ هەزار کەسیش گیانیان
لەدەستداوە.