سەردێڕ:

٧٥٪ـی دەنگدەرانی ئەمریکا لەگەڵ کشانەوەی جۆ بایدنن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی

PM:10:36:02/07/2024

1588 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی راپرسییەک، ٧٥٪ـی دەنگدەرانى ئەمریکا لەگەڵ کشانەوەى جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکانن لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى وڵاتەکە، بەوپێیەی لە دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان، شکستی هێناوە.


بە گوێرەی راپرسییەک کە ئاژانسی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ئەنجامی داوە، سێ لەسەر چواری دەنگدەرانی ئەمەریکا پێیان وایە دیموکراتەکان هەلێکی باشتریان دەبێت بۆ دووبارە بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بەو مەرجەی کاندیدێکی نوێ لە جێگەی جۆ بایدن دەستنیشان بکەن.

ئەو کەسانەى بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە ئاماژەیان بەوە کردووە، رەنگە جۆ بایدن توانای بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی نەمابێت، بۆیە باشترین بژاردە بۆى ئەوەیە کە لە دووبارە خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا بکشێتەوە کە بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت.

هاوکات، لە راپرسییەکەی سی ئێن ئێن، ٤٩٪ـی بەشداربووان بڕیاریان داوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا دەنگ بە دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان بدەن و ٤٣٪ـیش بڕیاریان داوە دەنگ بە جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بدەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٨ـی مانگی رابردوو، جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە لە دیبەیتێکدا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و باسیان لە پرسەکانی ئاسایش و ئابووری و کەمکردنەوەی نرخی دەرمان و هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کرد.

لە سەرەتای دیبەیتەکەدا گفتووگۆکان بە ئابووری دەستی پێکرد جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا باسی لەوە کرد، کاتێک دەسەڵاتی گرتووەتە دەست ئابووری وڵاتەکەی بەرەو رووخان چووە و رێژەی بێکاری زیادی کردووە بەهۆی کەرەنتینە و کۆڤید ١٠ـەوە و حکومەتەکەی هەوڵی داوە هیچ نەبێت باروودۆخەکە ئاسایی بکاتەوە ٥٠ هەزار هەلی کاریان رەخساندووە و دەیانەوێت نرخی کرێی خانوبەرە کەمبکەنەوە.

لە بەرامبەریشدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان باسی لەوە کرد، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ئابووری لە لوتکەدا بووە و بارودۆخێکی زۆر باش لە وڵاتەکە هەبووە بەڵام دواتر بەهۆی کۆرۆناوە بارودۆخەکە تێکچووە بەڵام لە هەمان کاتدا توانیویانە بەو دۆخەدا تێبپەڕن.

باسی لەوەش کرد، ئەمریکا دەیویست بە کەرامەت و سەرکەوتنەوە لە ئەفغانستان بێتە دەرەوە بەڵام بەهۆی بایدنەوە ئەو رۆژە بوو بە رۆژێکی رەش لە مێژووی ئەمریکادا.

یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی دیبەیتەکە کێشەی کۆچبەران بوو جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی سنوورەکانی ئەمریکا و کەمکردنەوەی کۆچبەران بەشێوەیەکی مرۆڤانە و ئەوانەشی دێنە ئەمریکا دەبێت بەشیوەیەکی یاسایی بێت. وتیشی، "ترەمپ منداڵ و دایکەکانی لێک جیا دەکردەوە تا کۆچبەران نەیەنە وڵاتەکەوە".

لە بەرامبەریشدا، ترەمپ ئەوەی خستە روو، دەیەوێت سەرجەم سنوورەکان دابخات و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا پارێزراوترین سنووریان هەبووە و ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا دووبارە سنوورەکان دادەخات.

لە وەڵامدا جۆ بایدن باسی لەوە کرد، دەیانەوێت بەشێوەیەکی یاسایی کێشەی سنوور چارەسەر بکەن و توندوتیژی بەکارنەهێنن.

تەوەرێکی دیکە شەڕی ئۆکرانیا بوو، ترەمپ لەوبارەوە باسی لەوە کرد، سوپای وڵاتەکەی بایدنیان خۆش ناوێت و ئەگەر سوپایەکی بە‌هێز و سەرۆکێکی بەهێزی وەک ئەویان هەبوایە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بوێری ئەوەی نە دەبوو ئۆکرانیا داگیر بکات و کاتێک بینی ئەمریکا بە لاوازی لە ئەفغانستان هاتە دەرەوە هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و کاتێک حەماس لاوازی ئەمریکای بینی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و هەژموونی ئێران بەهێزتر بووە بەهۆی لاوازی بایدنەوە.

لە وەڵامیشدا بایدن باسی لەوە کرد، لە کاتی دەسەڵاتی ترەمپدا ئۆکرانیا هاندرا بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە ئەوروپا و ناتۆ و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی روسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا. ترەمپیش دەڵێت، "هەرکاتێک زیلینسکی بێتە ئەم وڵاتە بە زیاتر لە شەش ملیار دۆلارەوە دەڕواتە دەرەوە پێویستە ئەو جەنگە کۆتایی پێ بێت و چەندان وڵات لەنێوان ئەوان و ئۆکرانیادا هەیە و وڵاتانی ئەوروپا کە سنووریان لە ئۆکرانیاوە نزیکترە پارەی کەمتر لەو جەنگەدا خەرج دەکەن."

لەبارەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە بایدن ئەوەی خستە روو، وڵاتەکەی سوورە لەسەر ئاگربەست و فشار لە ئیسرائیل و حەماس دەکەن کە رازی ببن بە ئاگربەست و وڵاتەکەی هەموو هاوکارییەکانی ئیسرائیل دەکات و حکومەتەکەی زۆترین پاڵپشتی ئیسرائیلی کردووە.

لە بەرامبەریشدا ترەمپ وتی، ئیسرائیل و حەماسیش دەیانەوێت جەنگ بەردەوام بێت و دەبێت ئەمریکا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت یان واز لە نێوەندگیری و هاوکارییەکانی بهێنێت و وازیان لێت بهێنێت خۆیان جەنگەکە کۆتایی بهێنن.

تەوەرێکی دیکەش دیموکراسی بوو بایدن ئەوەی خستە روو، دەنگدان بە ترەمپ دەنگدانە دژی دیموکراسی، ترەمپ هیچ پلانێکی نییە بۆ باشترکردنی دیموکراسی ئەمریکا. ترەپمیش وتی، "سەرۆکایەتی بایدن خراپترین سەرۆکایەتی ئەمریکایە و چیرۆکی سەرکەوتن بۆخۆی دروست دەکات".

لە تەوەرێکی دیکەدا دوو سەرۆکەکە باسیان لە ئازادی و یەکسانی کرد و بایدن رایگەیاند، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ئاسای بێکاری لەنێو رەشپێستەکانی وڵاتەکەیدا کەمبووەتەوە و داوا لە دەنگەرانی رەشپێشت دەکات هیوایان هەبێت و چونکە هەوڵی داوە هاوکاری تەندروستیان بۆ دابین بکات و هاوکارییان بکات لە قەزرەکانی خوێندن و خانوبەرەدا.

ترەمپیش باسی لەوە کرد، "بایدن بووە بە هۆی دروست بوونی قەیرانی ئابووری و کوشتنی رەشپێست و ئیسپانییەکان لە ئەمریکا و بەهۆی هاتنی کۆچبەرانەوە هەلی کار بۆ ئەو دوو نەتەوە لە ئەمریکا کەمتر بووەتەوە".

ئەوەشی خستە روو، "رەشپێست و پۆلیسەکانی وڵاتەکەم پاڵپشتی من دەکەن چونکە ئەوەی بایدن بە رەشپیشتەکانی کردووە زۆر خراپە و من هاوکاریم کردوون و کۆلێج و زانکۆی تایبەتم بۆ کردوونەتەوە".

تەوەرێکی دیکە کەشوهەوا بوو و ترەمپ باسی لەوە کرد، دەیەوێت پاکترین ئاو و هەوا پێشکەشی هاوڵاتیانی ئەمریکا بکات و لە دەسەڵاتی ئەودا سەرجەم جۆرەکانی وزە بەکارهاتووە و هێشتاش کەشوهەوای وڵاتەکەیان خاوێن بووە.

بایدنیش لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە کرد، "شتێک نییە بەناوی پاکترین ئاو لە سەردەمی ترەمپدا و گەورەترین هەڕەشەی سەر مرۆڤایەتی گۆڕانی کەش و هەوایە، بەڵام ترەمپ هیچی لەو بارەیەوە نەکردووە".

ترەمپ راشیگەیاند، "بایدن هیچ دەسەڵاتدارێکی دوور نەخستۆتەوە ئەگەر چی کارەکانیان باش جێبەجی نەکردبێت، بەڵام من هەر کەسێک کارەکەی باش نەکردبێت دوورمخستووەتەوە، ئەو بە من دەڵێت کە خراپترین سەرۆکم چونکە من پێشتر بەوم وت خراپترین سەرۆک".

جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا ئەوەی خستە روو، ترەمپ باج زیاد دەکات و دەبێتە هۆی خراپبوونی دۆخی چینی ناوەند و هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ باشترکردنی پەوەندییەکانی ئەمریکا و چین.

بڕیارە لە ٥ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوە بچێت و جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا کاندیدی دیموراتەکانە و دۆناڵد جەی ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کاندیدی کۆمارییەکانە بۆ کورسی سەرۆکی ئەمریکا.













گەلەری