سەردێڕ:

بەهۆی جەنگەوە؛ گرنگترین پردی سودان تەقێندرایەوە

PM:08:26:01/07/2024

1728 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر جەنگی نێوان سوپای سودان و هێزی پشتیوانی خێرای سودان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای روخانی پردی حەلفایە، هەردوو هێزەکە دەستیان بە تۆمەتبارکردنی یەکتری کردووە، ئەوەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانەوەی گرژی و ئاڵۆزی سوپا و هێزی پشتیوانی سودان لە ناوچەکەدا.


نەبیل عەبدوڵا، وتەبێژی سوپای سودان بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی راگەیاند، هێزی پشتیوانی خێرای سودان بەرەبەیانی ئەمرۆ لەرێگای فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە، بەشێکی پردی حەلفایان رووخاندووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پردی حەلفایە رۆژهەڵاتی خەرتوومی بەحری سودان بە رۆژئاوای ئوم دەرمان دەبەستێتەوە، و ناوەندێکی گرنگی ژێرخانی ئابووری سودان بووە، بەڵام میلیشیاکانی سەر بە هێزی پشتیوانی خێرا هەوڵی تەقاندنەوەی دەدەن.

باسی لەوەش کرد، ئەو هێزە میلیشیایە ناوخۆییە هەوڵی لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری سوودان دەدات و بۆ ئەومەبەستەش چەندین هەوڵی هاوشێوەی داوە.

لە بەرامبەریشدا وتەبێژی هێزی پشتیوانی خێرای سودان لە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەوان ئەو کارەیان نەکردووە بەڵکوو سوپای سودان خۆی پردەکەی تەقاندووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، "تەقاندنەوەی پردەکە هەمان ئەو شێوازەیە کە پێشتر لە وێرانکردنی پردی شەمبات و پاڵاوگەی نەوتی ئەلجیلی کرا، هەوڵە بێهیواکانی سوپا بۆ لەناوبردنی خەزنەی جەبەل ئەلعەولیە بەردەوامە لە دژی ژێرخانی ئابووری سودان. "

ئەو پردە ماوەی ١٤ ساڵە کۆنترۆڵکراوە و لەوماوەیەشدا سوپای سودان بەشی ئومدەرمان کۆنترۆڵ دەکات و هێزی پشتیوانی خێرای سودان کۆنترۆڵی بەشی بەحری خەرتووم دەکات، بەگوێرەی نوێرین ئاماریش بەهۆی ناکۆکییە سەربازییەکانی سودانەوە ٤٩ ملیۆن کەس رووبەڕووی برسێتی و توندوتیژی بوونەتەوە و ١٣ بۆ ١٥ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لە ١٤ـی نیسانی ساڵی رابردووەوە جەنگی سودان لەنێوان سوپای وڵاتەکە و هێزی پشتیوانی خێرای سوداندا لەسەر دامەزراندنی ئەندامانی هێزی پشتیوانی خێرا دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.













گەلەری