سەردێڕ:

دوای شکستهێنانی لە هەوڵێکی کودەتادا؛ فەرماندەی پێشووی سوپای بۆلیڤیا دەستگیر کرا

PM:09:08:27/06/2024

4436 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی بۆلیڤیا بڵاویان کردەوە، دوای ئەوەی رۆژی رابردوو فەرماندەی پێشووی سوپای بۆلیڤیا هەوڵی کودەتایەکی دا لە دژی سەرۆکی ئەو وڵاتە، هەوڵەکەی شکستی هێنا و لە ئێستادا دەستگیر کراوە.


میدیاکانی بۆلیڤیا بڵاویان کردەوە، خوان خۆسێ زونیگا، فەرماندەی پێشووی سوپای بۆلیڤیایان دەستگیرکراوە، کە ئێوارەی چوارشەممە ٢٦ـی حوزەیران، سەرکردایەتی کودەتایەکی کردووە لەدژی لویس ئارسی سەرۆکی وڵاتەکە.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی ئەو کودەتایە لەلایەن زونیگاوە لە ئەنجامی ئەوە دێت کە ئیڤۆ مۆرالێس سەرۆکی پێشووی بۆلیڤیا خۆی کاندید کردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٥ و زونیگا دژی کاندیدبوونی مۆراسێل بووە و حکومەتی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە رێگری لێ بکرێت.

مۆرالێس لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٩ پۆستی سەرۆکایەتی بۆلیڤیای گرتە ئەستۆ، لە ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٤دا دووبارە هەڵبژێردرایەوە، لە ساڵی ٢٠١٩ لە نێوان نائارامی کۆمەڵایەتی و تۆمەتی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا دەستی لەکارکێشایەوە.

میدیاکان باسیان لەوەش کردووە، هەوڵی کودەتاکە دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٢٦ـی حوزەیران دەستی پێ کرد، بەشێوەیەک زونیگا بە تانکێک و سەربازەوە چووە ناو کۆشکی سەرۆکایەتی وڵاتەکە، دواتر لویس ئارسی سەرۆکی بۆلیڤیا رووبەڕووی بووەوە و فەرمانی کرد دەستبەجێ بکشێتەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، لەدوای فەرمانی خۆسێ ویلسۆن سانچێز فەرماندەی تازە دەستنیشانکراوی سوپا، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، ئەو سەربازانەی هەوڵی ئەنجامدانی کودەتاکەیان دا، گەڕانەوە بۆ بنکەکانیان.

خوان خۆسێ زونیگا، ژەنەراڵێکی بۆلیڤیایە و لە ساڵی ١٩٧٢ لەدایک بووە، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ وەک فەرماندەی سوپای بۆلیڤیا دەستنیشانکرا و ناوبراو لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، دوای ئەوەی لە پلانی هەوڵی کودەتایەکدا شکستی هێنا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کرا.













گەلەری