سەردێڕ:

هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت؛ پاش ١٤ ساڵ ئۆپۆزسیۆن هەڵبژاردنەکە دەباتەوە؟

PM:03:54:27/06/2024

1520 جار خوێندراوەتەوە

هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنی گشتی لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت، پارتی کرێکاران کە پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیە چانسی سەرکەوتنی زیاتر بووە، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکان شکستی بە پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار هێنا.


بڕیارە رۆژی چواری مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی گشتی لە بەریتانیا بەرێوەبچێت، بەپێی راپرسییەکانیش پارتی کرێکاران سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنێت و کۆتایی بە حکومڕانی ١٤ ساڵەی پارتی پارێزگارانی دەسەڵات دەهێنێت.

ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان پارتی پارێزگاران شکستێکی گەورەی هێنا و ١٠ شارەوانی و ٤٧٤ ئەندامی شارەوانییەکانی لەدەستدا و دابەزی بۆ پلەی سێیەم، لە بەرامبەردا پارتی کرێکاران زۆرینەی شارەوانییەکانی بەدەستهێنا.

پەرلەمانی بەریتانیا لە ٦٥٠ کورسی پێکدێت و هەر پارتێک پێویستی بە ٣٢٦ کورسییە بۆ ئەوەی ببێتە زۆرینە و حکومەت پێکبهێنێت.

لە کۆتا چوار هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیادا، پارتی پارێزگارانی دەسەڵات بەردەوام دەنگەکانی کەمی کردووە و شکستی هێناوە، بە جۆرێک، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢١ـدا، پارتی پارێزگاران ١١٪ـی دەنگەکانی لەدەستداوە و لە پلەی یەکەمەوە دابەزیوە بۆ پلەی سێیەم.

دەنگەکانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵات و پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن لە چوار هەڵبژاردنی شارەوانی رابردوودا؛

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢١، پارتی پارێزگاران ٣٦٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا پارتی کرێکاران ٢٩٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢٢، پارتی پارێزگاران ٣٠٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ٦٪ـی دەنگەکانی لەدەستدا، لە بەرامبەردا، پارتی کرێکاران ٪٣٥ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ٦٪ دەنگەکانی زیادی کرد.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢٣، پارتی پارێزگارانی دەسەڵات دووبارە دەنگەکانی کەمی کرد و ٢٦٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، کە بەراورد بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٢، ٤٪ـی دەنگەکانی لەدەستدا، لە بەرامبەردا، پارتی کرێکاران بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢٢، ٣٥٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمساڵدا، پارتی پارێزگاران توشی شکستێکی مێژوویی هات و دووبارە دەنگەکانی کەمی کرد و تەنها ٢٥٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و دابەزی بۆ پلەی سێیەم، پارتی کرێکارانیش توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و لە پلەی یەکەمدا بمێنێتەوە.













گەلەری