سەردێڕ:

دواجار بایدن و ترەمپ رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە؛ مشتومڕێکی چاوەڕوانکراو

AM:11:49:27/06/2024

1460 جار خوێندراوەتەوە

بۆ جاری دووەم؛ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانەوەی سەرۆکایەتی کۆشکی سپی لە ستۆدیۆیەکی تایبەت و بەشێوەیەکی مشتومڕاوی بانگەشەی هەڵبژاردنی دوو سیستمی سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنی نوێ دەکەن، کە ئەمە دووەم گفتوگۆی رووبەڕووی نێوان جۆو بایدنی سەرۆکی ئێستا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەبێت.


دواجار لە ستۆدۆیەکی تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن، میوانداری هەریەک لە جۆو بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەکرێت و هەریەک لەو دوو سەرۆکەکە بۆ ماوەی ٩٠ خوولەک بەرگری لە دەستکەوتەکانی سەرۆکایەتی خۆیان دەکەن.

بڕیارە گفتوگۆکە سبەی هەینی، لە کاتژمێر ٤ی بەرەبەیان "بەکاتی هەولێر" و ٩ی شەو بەکاتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی دیبەیتەکەدا، مشتومڕەکانی نێوان ئەو دوو سەرۆکە دەستی پێکردووە، هەریەکێکیان بە گرتە ڤیدیۆیەکی جیاواز و نووسینی جیاواز بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن.

'ترەمپ لە دۆسیەی گەندەڵیدا نوقم بووە'

لەگەڵ دەستپێکی نزیکبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی دیبەیتی سەرۆکایەتی و بانگەشەی خوولی دووەمی سەرۆکایەتی بۆ کۆشکی سپی، لایەنگرانی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایانگەیاند، دۆناڵد ترەمپ لە دۆسیەی گەندەڵی و تاوانکاریدا نوقمبووە، لە جیاتی ئەوەی رێز لە دەنگدەرەکانی بگرێت خەریکی تۆڵەسەندنەوەیە.

لەلایەکی دیکەشەوە کۆمیتەی نیشتمانی دیموکراتەکان لە شاری ئەتلەنتا تابلۆی بانگەشەیان دانا و دەنگدەرانی بیرخستەوە کە ترەمپی کۆمارییەکان "تاوانبارە، تاوانباریش نابێت ببێت بە سەرۆک".

'جۆو بایدن هەفتەیەکە خەریکی راهێنانە، وا دەزانێت دەبێت بە سەرۆک'

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لەرێگای چەندین ڤیدیۆ و نووسینەوە خەریکی ئەنجامدانی بانگەشەیە و دەڵێت، "جۆو بایدن هەفتەیەکە چووەتە دەرەوەی کۆشکی سپی خەریکی راهێنانە، نازانم ئەو پیرە بۆ پێی وایە دەبێت بە سەرۆک".

لەلایەکی دیکەشدا، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی نیوز ماکسی ئەمریکی راستڕەوەکان رایگەیاند، کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوانی دەرفەتیکی لەوجۆرەیە تا لە نزیکەوە و راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ جۆ بایدن بکات، بەباشیش خۆی بۆ ئامادەکردووە.

'ترامپ گرنگی بەخۆی دەدات بەتەنها'

جاکی بوش وتەبێژی پارتی دیموکراتەکان رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ خەڵکی جۆرجیا بەو بیرۆکەیە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان کە جۆو بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە داهاتوودا ئاگاداریان دەبێت و خزمەتیان دەکات، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ لە پۆستەکەیدا تەنها گرنگی بە خۆی دەدات.

'جۆ بایدن لاوازە و ناتوانێ قسەبکات'

لەبەرامبەر قسەکانی جاکی بوش، وتەبێژی پارتی دیموکراتەکان و لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ هەڵمەتێکیان دەستپێکرد و دەڵێن، جۆ بایدن لاواز و پیرە ناتوانێت بەباشی قسە بکات چۆن بەباشی وڵات بەڕێوەدەبات؟

جەیسۆن میلەر راوێژکاری باڵای هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا هیچ راهینانێکی نەکردووە چونکە توانای گفتوگۆکردنی هەیە، بەڵام دەزانین کە جۆ بایدن، هەفتەیەکی تەواو داوای پشوودەکات تا بتوانێت قسە بکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ترەمپ وەک هەڵبژاردەیەکی ئاشکرا دەردەکەوێت ئەگەر رێگەی پێبدرێت، دیدگای خۆی بۆ ئەمریکا بخاتەڕوو بەبێ دەستوەردانی ئاشکرای هیچ لایەنێک، بەڵام پێم وانییە کە دەستوەردان نەکرێت".

ترەمپ لە دیبەیتەکەدا چی بە خاڵی لاوازی بایدن دەزانێت؟

ترەمپ پێی وایە، یەکێک لە خاڵە لاوازە گەورەکانی بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاسایشی سنوورەکانە، نۆیە ترەمپ بەڵێنی داوە بەرەنگاربوونەوەی لێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی و بەتایبەتیش ئەو کۆچبەرانەی لە مەکسیکەوە دەچنە ئەمریکا بەشێوەی کۆمەڵ دیپۆرتیان بکاتەوە.

ئیدارەی بایدن چۆن بەرگری لە خاڵی لاوازی بایدن کرد؟

ئیدارەی بایدن، دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند، ئەو سنووردارکردنە نوێیانەی کە سەپاندویەتی، بووەتە هۆی دابەزینی رێژەی پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ نزمترین ئاست لەماوەی زیاتر لە سێ ساڵدا، ئەمەش بەکارهێنانی پرسی کۆچبەری وەک هێڵی یەکەمی هێرش بێلایەن کردووە و کۆتایی بەوە هێناوە ببێتە خاڵی لاوازی جۆو بایدن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سۆشیاڵ میدیادا و بەشێکی میدیا جیهانییەکانیش باس لەوەدەکەن، لە کاتی دیبەیتەکەدا جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە حەڵتی بەرگریدا دەبێت و تەنها بەرگری لە دەستکەوتەکانی دەکات لەم خولەی کۆشکی سپی، بە پێچەوانەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە دۆخی هێرشکردندا دەبێت و لە هەمان کاتیشدا بەرگری لە دەستکەوتەکانی خۆی دەکات لە خوولی پێشووی کۆشکی سپیدا.













گەلەری