سەردێڕ:

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجامدەدرێت

AM:09:37:27/06/2024

1460 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی ماددەی ١٣١ـی دەستووری ئێران، پاش تێپەڕبوونی کەمتر لە ٥٠ رۆژ بەسەر مردنی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێراندا، رۆژی ٢٨ـی حوزەیران هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجامدەدرێت و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە سێ کاندید کشاونەتەوە.


بڕیارە سبەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەبچێت، ئەوەش دەبێتە یەکەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆک کۆماری ئێران دوای گۆڕانکاری لە سیستمی حکومڕانی ئەو وڵاتە لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری ئیسلامی.

ئەمیرحوسێن قازیزادە یەکێک لە کاندیدەکانی بەرەی پارێزگاران پێش کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر لە هەڵبژاردنەکە رایگەیاند، لەپێناو کۆدەنگی بەرەی پارێزگاران لە خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران دەکشێتەوە.

لە ئێستادا رکابەری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە لە نێوان پێنج کاندید ماوەتەوە، چواریان لە بەرەی پارێزگارانن کە پێکدێت لە سەعید جەلیلی، محەمەد باقر قالیباف، مستەفا پوور محەممەدی و عەلی رەزا زاکانی، کاندیدەکەی تر لە بەرەی ریفۆرمخوازانە کە مەسعود پزیشکیانە.

بەپێی راپرسییەکانیش ئەگەری وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران لەنێوان سەعید جەلیلی و محەمەد باقر قالیبافە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، نزیکەی ٥٠ رۆژ بەر لە ئێستا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی پیشووی ئێران لەکاتی گەرانەوەی لە گەشتێک هەلیکۆپتەرەکەی کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، بڕیاریشە سبەینێ ١٤یەمین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجامبدرێت و کەسێک بۆ جێگاکەی دیاری بکرێت.













گەلەری