سەردێڕ:

پوتین: بیر لە گۆڕانکاری لە بیروباوەڕی ئەتۆمی خۆماندا دەکەینەوە

PM:06:52:21/06/2024

1576 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بیر لە گۆڕانکاری لە بیروباوەڕی ئەتۆمی خۆیدا دەکاتەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە لە بیرۆکە نوێیەکەدا، پێویست بە ئەنجامدانی ھێرشی پێشوەختە ناکات.


ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی سنووری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کەمکراوەتەوە، روسیا بیر لەوە دەکاتەوە گۆرانکاری لە بیروباوەڕی ئەتۆمی وڵاتەکەیدا بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانیان لە توانایدایە بەرپەرچی هێرشەکان بداتەوە و پێوستیان بە ئەنجامدانی هێرشی پێشوەختەی ئەتۆمی نییە.

وتیشی، مۆسکۆ ئامادەیە لە ھەر کات و شوێنێکدا بێت گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا ئەنجام بدات، بە مەرجێک روسیا خاڵەکانی رێککەوتنەکەی قبوڵ بێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو پوتین رایگەیاندبوو، "ئەگەر ئۆکرانیا دەستبەرداری بەئەندامبوونی لە ناتۆ ببێت و ھێزەکانی لە ناوچەکانی دۆنێتسک، ڵوھانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا بکشێنێتەوە، ھێرشەکانیان بۆسەر ئۆکرانیا دەوەستێنن".

لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢دا و بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیای فیدراڵ بڕیاری هێرشکردنە سەر خاکی ئۆکرانیا درا، دوای ساڵێکیش، پوتین بەڵێنیدا جەنگەکە بەردەوام بێت تا روسیا بە ئامانجەکانی دەگات.

لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا،  ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا بەڵگەنامەیەکی لەبارەی لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکرانیا کە بریتین لە دۆنێتسک، ڵوھانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا بە خاکی روسیاوە واژۆ کرد، کە ئەوەش لەلایەن ئۆکرانیاوە رەت کرایەوە.













گەلەری