سەردێڕ:

لە ساڵی ٢٠٢٤ ژمارەی پێوانەیی لە گەشتی ئاسمانی لە جیهاندا تۆماردەکرێت

PM:04:31:21/06/2024

984 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی گواستنەوەی ئاسمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، پێشبینی دەکەن ساڵی ٢٠٢٤ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی لە سەرتاسەری جیهاندا ژمارەیەکی پێوانەیی لە ژمارەی سەرنشین و داهات تۆماربکەن و ئەو ریکۆردانە بشکێنن کە ساڵی ٢٠١٩ و بەر لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەدیهاتبوون.


یەکێتی گواستنەوەی ئاسمانیی نێودەوڵەتی ناسراو بە ئیاتا (IATA) رایگەیاند، هێڵە ئاسمانییەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی ئەمساڵ زیاتر لە پێنج ملیار سەرنشین لە جیهاندا بگوازنەوە، کە پێشبینی کراوە داهاتەکەی بگاتە سەروو ٣٠ ملیار دۆلار.

بەپێی ئامارەکانی یەکێتی گواستنەوەی ئاسمانیی نێودەوڵەتی، بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٤ ریکۆردێکی نوێ بۆ کەرتی فڕۆکەوانی تۆماربکرێت و ئەو ژمارە پێوانەییە تێدەپەڕێنێت کە بەر لە سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا بەدەستیان هێنابوو.

یەکێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی کە ٣٢٠ کۆمپانیای فڕۆکەوانی لەخۆگرتووە و رێژەی ٨٣٪ ـی جوڵەی گواستنەوەی ئاسمانیی لە جیهان پێکدەهێنێت پێشبینی کردووە، ساڵی ٢٠٢٤ زیاتر لە پێنج ملیار کەس لە سەرتاسەری جیهاندا لەڕێگەی کۆمپانیا ئاسمانییەکانیەوە گەشت بکەن و داهاتەکەشی بگاتە ٣٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار.

بەپێی پێشبینییەکان نزیکەی نیوەی قازانجەکان لە هێڵە ئاسمانییەکانی ئەمریکای باکوورەوە دەبێت کە دەگاتە ١٤ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار، دوای ئەویش هێڵە ئاسمانییەکانی ئەوروپا دێت.

لەو چوارچێوەیەدا ویڵی واڵش بەڕێوەبەری گشتی یەکێتیەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ئەنجامانە کە چاوەڕوان دەکرێت بێتەدی سەرکەوتنێکی گەورەیە و بەشێک لەو زیانانە پڕدەکاتەوە کە تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا پێی گەیاندبوون و لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢٢ کە بە نزیکەی ١٨٣ ملیار دۆلار خەمڵێندرابوو.

دەشڵێت، پێویست بە کەمکردنەوەی جوڵەی ئاسمانیی جیهانیی ناکات بۆ گەیشتن بەڕێژەی سفر لە دەرچوونی گازە پەنگخواردووەکان لە ساڵی ٢٠٥٠ دا. وتیشی، لەمساڵدا بەرهەمهێنانی سووتەمەنی نوێبووەوە و دۆستی ژینگە بۆ فڕۆکە، سێ هێندە زیاد دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، پڕۆسەی دواکەوتن لە رادەستکردنی فڕۆکەی نوێ و پێشکەوتوو بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی، یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستکردنی بەربەست لەبەردەم پلانەکانی کەمکردنەوەی رێژەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئامارەکان ریکۆردەکانی ساڵی ٢٠١٩ ـی تێپەڕاندووە کە تیایدا چوار ملیار و ٥٤٠ ملیۆن کەس گەشتی ئاسمانیان کردبوو.

بەڵام سەرەڕای ئامارە بەهێزەکان بۆ ئەمساڵ، هێڵە ئاسمانییەکان بەهۆی کەمی پارچەی یەدەگ و هێزی کار و ئاڵەنگارییەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، رووبەڕووی بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچوونەکان بووەتەوە.













گەلەری