لە نیوەگۆى باکوورى زەوى، وەرزی هاوین دەستی پێ کرد و لە یەکەم رۆژیشیدا نۆ پارێزگای عێراق نیوەی پلەی کوڵانیان تۆمار کرد، شارەزایانی کەشناسیش هۆکاری گەرمای لەڕادەبەر لە هاویندا دەگەڕێننەوە بۆ ئەو وەرزەبایەی ساڵانە لە زەریای هیندییەوە هەڵدەکات.
لەڕووی فەلەکناسییەوە وەرزی هاوین لە ٢٠ـی مانگی حوزەیرانەوە لە وڵاتانی نیوەگۆی باکووری زەوی دەستی پێ کردووە و لە یەکەم رۆژیشیدا کە درێژترین رۆژی ساڵە، نۆ پارێزگای عێراق نیوەی پلەی کوڵانیان تۆمار کرد.
یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی گڕە و کەشی شێدار لە چەند وڵاتێکی وەک ئێران
و عێراق و ناوچەی کەنداو، دروستبوونی وەرزەبای هاوینەیە کە لە زەریای هیندییەوە بۆ
سەر ناوچەکانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا هەڵدەکات.
ئەو وەرزەبایەش بۆ ئەو وڵاتانە پڕ لە باران و هەندێک جار لافاوی گەورەیە، بەڵام بۆ عێراق و ناوچەکانی دەوروبەری، بارانبڕان
و کەشێکی شێدار و گەرم و بێزارکەرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناوچە شاخاوییەکانی
کوردستان کەمتر بەو کەشە شێدار و گەرمە کاریگەر دەبن.
لەگەڵ هاتنی یەکەم رۆژی هاوینیشدا، پلەکانى گەرما لە چوار پارێزگای عێراق
کە بریتین لە بەسڕە، زیقار، میسان و دیوانیە، گەیشتنە ٥١ پلەی سەدی بوون بە گەرمترین
ناوچە لە جیهاندا، هەروەها لە پارێزگاکانی بەغدا، واست، کەربەلا، نەجەف و موسەنا،
پلەی گەرما تیایاندا گەیشتە نیوەی پلەی کوڵانکە ٥٠ پلەیە.
هەرچۆنێک بێت هەموو ساڵێک لە مانگی حوزەیراندا وەرزەبای هاوینە دەست پێ دەکات
و کاریگەرییەکەشی لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا زیاتر دەبێت و لە سەرەتای مانگی ئەیلوولیش
کۆتایی دێت، بەڵام شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن لە ئێستادا کاریگەریی وەرزەبای
هاوینە گەیشتووەتە لوتکە.
لەو کاتەی کە پلەکانی گەرما لە ساڵی ١٨٨٠ـدا تۆمار دەکرێن، ناوچەی (گرینلاند
رانج) لە دۆڵی مەرگ لە ئەمریکا کە بە (دۆزەخی سەر زەوی) ناودەبرێت، بەرزترین پلەی
گەرمای تێدا تۆمارکراوە کە ٥٦.٧ پلە بووە و لە ١٠ ـی تەمموزی ١٩١٣ تۆمار کراوە. لە ٢٣ ـی تەمموزی ساڵی ٢٠١٧ـشدا، شاری خانەقین بەرزترین پلەی گەرمای لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کرد، کە ٥٢.٥ پلە بوو.
ئەوە لە کاتێکدایە، جیهان بەهۆی دەرچوونی گازە کاربۆنییەکانەوە بۆ ناو بەرگەهەوا،
دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا بەخۆوە دەبینێت و کاریگەرییەکەشی
نەوەک ئەوروپا بەڵکو گەیشتووەتە هەردوو جەمسەری بەستەڵەکەکەش.
هاوکات، بەپێی بەیاننامەکانی رێکخراوی کەشناسی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان،
لە ساڵی ٢٠٠٥ ـەوە پلەکانی گەرما لە مانگی تەمموزدا ساڵ لەدوای ساڵ رووی لە بەرزبوونەوە
کردووە. رێکخراوەکە پێشبینیشی کردووە ئەمساڵیش جیهان گەرمترین هاوین بەخۆیەوە ببینێت.