سەردێڕ:

بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان؛ کۆریای باشوور باری نائاسایی دیمۆگرافی راگەیاند

PM:08:55:20/06/2024

2176 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی کۆریای باشوور بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان و رێژەی لەدایکبوون لە وڵاتەکەیدا باری نائاسایی دیمۆگرافی راگەیاند.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، یون سیۆک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور بەفەرمی باری نائاسایی دیمۆگرافی نیشتمانی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، هەموو رێکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان و رێژەی لەدایکبوون لە وڵاتدا دەگرنە بەر.

ئاماژەی بەوەش کرد، سێ هەنگاوی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نراوە، لەوانە هاوسەنگی دۆخى کارکردن و باشترکردنی چاودێریی منداڵان و دابینکردنی شوێنى نیشتەجێبوونى باشتر.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر لەمساڵدا سەرۆکی کۆریای باشوور رایگەیاند، وەزارەتێکی نوێ دروست دەکرێت بەناوی (وەزارەتی پلاندانانی ستراتیژیی دانیشتوان) و پلەی وەزیرەکەشی وەک جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی دەبێت بۆ رووبەڕوبوونەوەی کەمی دانیشتوان و زیادکردنی رێژەی لەدایکبوون لەو وڵاتەدا.

کۆریای باشوور دەکەوێتە رۆژهەلاتی ئاسیا و پایتەختەکەی شاری سیئۆلە، بەپێی دوایین خەمڵاندنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆی ژمارەی دانیشتوانی کۆریای باشوور لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٣ـدا گەیشتووەتە زیاتر لە ٥١ ملیۆن و ٧٨٤ هەزار کەس، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی دانیشتوان بەرێژەی ٠.٠٦٪ دابەزیوە کە تێیدا ژمارەی دانیشوان گەیشتە زیاتر لە ٥١ ملیۆن و ٨١٥ هەزار کەس.













گەلەری