ئاژەڵداریی سێکتەرێکى گرنگى ئابوورى زۆرێک لە وڵاتانە، بەتایبەتى بەهۆى گۆڕانى کەشوهەوا و کەمبوونەوەى خۆراکەوە خواست لەسەر گۆشتى سور زیاتر بووە و نرخەکەشى گرانتر بووە، بەپێی ماڵپەڕێکی ئەمریکیش لە ئێستادا چین خاوەنی زۆرترین سەر مەڕ و بزنە لە جیهاندا و پلەی یەکەمی گرتووە. عێراقیش لە پلەی دەیەمی وڵاتانی عەرەبیدایە.
تایبەت بەو وڵاتانەی خاوەنی زۆرترین سەر مەڕوماڵاتن لە جیهاندا؛ ماڵپەڕى وێڵد پۆپیولەیشنى ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی ئامارەکان لە ئێستادا، چین خاوەنى زۆرترین سەر مەڕ و بزنە کە دەگاتە ١٧٣ ملیۆن و ١٠٠ هەزار، هاوکات هیندستان پلەی دووەمی ریزبەندییەکەی گرتووە و ٦٨ ملیۆن و ١٠٠ هەزار سەر مەڕ و بزنى هەیە، پلەی سێیەمیش بۆ ئوسترالیایە کە ٦٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار سەر مەڕ و بزنى هەیە.
هاوکات لە
راپۆرتەکەدا ریزبەندی وڵاتانی عەرەبیش کراوە، کە زۆرترین سەر مەڕوماڵاتیان هەیە و
تێیدا سودان لە پلەی یەکەمی ریزبەندییەکەدایە بە ٤٠ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار سەر مەڕ و
بزن و عێراقیش بە حەوت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار سەر مەڕ و بزن لە پلەى دەیەمى وڵاتانى عەرەبیدایە.
بەپێی
دوایین داتا و ئاماری بانکی جیهان بۆ ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین بازرگانى بە مەڕ و
ماڵاتەوە دەکەن، یەکێتی ئەوروپا دوو ملیۆن و٨١٠ هەزار سەرى مەڕی هەناردە کردووە بە بەهاى ٤٣٠ ملیۆن دۆلار، لە رۆمانیا دوو ملیۆن و ٢٩٠ هەزار سەر مەڕوماڵات هەناردە
کراوە بە بەهای ٢٧٨ ملیۆن دۆلار، هاوکات لە ئیسپانیا یەک ملیۆن و ٤٩٠ هەزار سەر مەڕوماڵات
هەناردە کراوە بە بەهاى ١٩٢ملیۆن دۆلار.
هەر بەپێی
ئەو ئامارە، ئوردن لە پێشەنگی وڵاتانی عەرەبی دێت بۆ زۆرترین هەناردەى مەڕوماڵات ئەوەش
بە هەناردەکردنى ملیۆنێک و ٧٨٠ هەزار سەر مەڕوماڵات، لە ئیماراتیش ٣٥٦ هەزار سەر مەڕوماڵات
هەناردەکراوە هاوکات لە کوەیت ١٦٦ هەزار سەر مەڕوماڵات هەناردە کراوە.
ئەوەش
لەکاتێکدایە، بەخێوکردنى مەڕوماڵات لە پیشەیەکى شوانکارەیی سەرەتاییەوە بووەتە
بازرگانییەکى ملیاران دۆلاریی، لەمەشدا بەشێک لە وڵاتانى جیهان پێشەنگی بەخێوکردن
و بازرگانییان گرتووە، کە هەندێکیان وڵاتانى ناوچەکە و وڵاتانى عەرەبین.