سەردێڕ:

لەپاڵ سەنگاپور و ژاپۆن؛ چوار وڵاتی ئەوروپا خاوەنی بەهێزترین پاسپۆرتی جیهانن لەمساڵدا

PM:10:47:18/06/2024

4500 جار خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی دیاریکردنی بەهێزترین و لاوازترین پاسپۆرتەکانی جیهان، کۆمپانیایەکی راوێژکاریی بەریتانی پاسپۆرتی سەرجەم وڵاتانی جیهانی پۆلێن کردووە، بەپێی پۆڵێنکردنەکەش سەنگاپور و ژاپۆن و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا خاوەنی بەهێزترین پاسپۆرتی جیهانن بۆ ساڵی ٢٠٢٤.


کۆمپانیای (هێنلی ئەند پارتنەرز)ـی بەریتانی کە بنکەکەی لە لەندەنە و تایبەتە بە راوێژی کۆچکردن و رەگەزنامە و خانووبەرە رایگەیاند، بەپێی ئەو پۆلێنبەندییەی ئەنجامیان داوە ئەمساڵ چوار وڵاتی ئەوروپا کە بریتین لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا، لە پاڵ سەنگاپور و ژاپۆن بوونەتە خاوەنی بەهێزترین پاسپۆرت و هەڵگرانی پاسپۆرتەکانیان لە کۆی ٢٢٧ وڵات دەتوانن بەبێ ڤیزا گەشت بۆ ١٩٤ وڵات بکەن.

لای خۆشییەوە، ئاژانسی بلومبێرگ ئاماژەی بەوەکردووە، لەمساڵدا پاسپۆرتی هەندێک وڵات پاشەکشەیان کردووە و هەندێک وڵاتی تریش پاسپۆرتەکانیان بەهێزتربوون لەڕووی توانای گەشتکردنی هاوڵاتیانیان بەبێ ڤیزای پێشوەخت.

هاوکات، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا هەریەک لە سەنگاپور و ژاپۆن شانازییان دەکرد بەوەی بەبێ رکابەر خاوەنی بەهێزترین پاسپۆرتن، کە هاوڵاتیانیان توانیویانە بەبێ ڤیزا گەشت بۆ زۆرترین وڵاتانی جیهان بکەن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی لابردنی ڤیزا لەنێوان هەندێک وڵاتدا، دۆخەکە گۆڕدراوە.

دوای ئەوانیش کۆریای باشور و سوید و فینلەندا بە پلەی دووەم و نەمسا و دانیمارک و ئێرلەندا و هۆڵەندا بە پلەی سێیەم دێن، هەرچی پاسپۆرتی بەریتانیاشە لە پلەی چوارەمدایە و هەڵگرانی دەتوانن بەبێ ڤیزا گەشتی ١٩١ وڵات بکەن.

لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو ئیمارات خاوەنی باشترین پاسپۆرتە و لە پلەی ١١ ـدایە وهاوڵاتیانیان هەلی ئەوەیان هەیە بەبێ ڤیزا بچنە ١٨٣ وڵاتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی ئیمارات بەردەوامە بۆ باشترکردن و بەهێزکردنی پاسپۆرتی وڵاتەکەیان کە دەیانەوێت بیکەنە یەکێک لە بەهێزترین پێنج پاسپۆرتەکان لە جیهاندا.

بەڵام لەبەرامبەردا ئەفغانستان خاوەنی لاوازترین جۆری پاسپۆرتە و هەڵگرانی تەنیا دەتوانن گەشت بۆ ٢٧ وڵات بکەن بەبێ ڤیزا، دوای ئەوانیش سوریا و عێراق و پاکستان و یەمەن و سۆماڵ دێن.

لەو چوارچێوەدا هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی بەبێ ڤیزا مافی گەشتکردنیان تەنیا بۆ ٣١ وڵات هەیە.

کۆمپانیای (هێنلی و پارتنەرز) لە پۆڵێنکردنی پاسپۆرتەکاندا پشت بە داتاکانی یەکێتی گواستنەوەی ئاسمانیی نێودەوڵەتی(ئای ئەی تی ئەی) و زانیارییەکانی تایبەت بە خشتەکانی گەشتکردن دەبەستێت.














گەلەری