سەردێڕ:

ڤەنزوێلا دوایین رووباری سەهۆڵینی لەدەستدا

AM:11:16:18/06/2024

2960 جار خوێندراوەتەوە

گەرمبوونى زەوى تینى بۆ مرۆڤایەتى هێناوە، لە ڤەنزوێلا دوایین رووبارى سەهۆڵین توایەوە، بەوەش ئەو وڵاتە رووبەڕووى مەترسییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا دەبێتەوە.


رووبارە سەرهۆڵینەکان قوربانییەکی دیکەی گەرمبوونی کەشوهەوای جیهانە کە تا دێت ژمارەیان لە جیهاندا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و رەنگە تاوەکو ساڵی ٢١٠٠ رێژەی ٨٣%یان لەناوبچن.

ڤەنزوێلا لە ئەمریکای لاتین یەکێک بوو لەو وڵاتانەی پێشتر خاوەنی ٥ رووباری سەهۆڵین بوو، بەڵام نوێترین وێنەی مانگە دەستکردەکان دەریخستووە سەرجەمیانی لەدەستداوە.

رێکخراوێکی نێودەوڵەتی کەشوهەوای ناسراو بە (ICCI) رایگەیاندووە، تاکە ڕووباری سەهۆڵین لە ڤەنزوێلا کە (هومبۆڵت)ـە و دەکەوێتە زنجیرە چیاکانی ئەندیزەوە، لەوە بچوکترە وەک ڕوبارێکی سەهۆڵین پۆڵێن بکرێت کە نابێت لە ١٠ دۆنم کەمتر بێت، چونکە ڕووبەرەکەی لە دوو دۆنم کەمتربووەتەوە کە دەکاتە ڕووبەری یاریگایەکی تۆپی پێ، لە کاتێکدا پێشتر ڕووبەرەکەی ٤٥٠ دۆنم دەبوو.

زانایان پێشبینیان کردبوو رووباری سەهۆڵینی (هۆمبۆڵت) تا ١٠ ساڵی تر بەردەوام بێت، بەڵام ئەو پەنگخواردنەوەی گەرمییەی مرۆڤ لێی بەرپرسە، لەگەڵ دیاردەی (نینۆ) کە هەندێک ساڵ لە کەشوهەوای زەوی دروست دەبێت، ئەو واقیعەی گۆڕی و توانەوە و نەمانی سەهۆڵەکانی هۆمبۆڵتی خێراتر کرد.

هەرچۆنێک بێت پەنگخواردنەوەی گەرمی جیهان لەدەستدانی سەهۆڵ زیاتر دەکات و ئەو وڵاتانەش کە لە داهاتوودا ئەگەری زۆرە ڕووبارە سەهۆڵینەکانیان لەدەستبدەن، ئەندەنوسیا و مەکسیک و سلۆڤینیا دەبن، ئەو حاڵەتەش مەترسی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان لە سەرانسەری جیهان دەبێت.

ئەوە لە کاتیکدایە، ڕووبارە سەهۆڵینەکان لە ناوچە جەمسەرییە ساردەکان دروست دەبن، لەگەڵ ناوچە شاخەوییە بەرزەکاندا کە بەدرێژایی ساڵ سەهۆڵەکانیان لەدەستنادەن.

بەپێی توێژینەوەیەکیش کە گۆڤاری (ساینس) بڵاویکردووەتەوە، توانەوەی بەفر و سەهۆڵی چیاکانی ئەندێز لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا کە بە وڵاتانی کۆڵۆمبیا و ڤەنزوێلا و ئیکوادۆر و پیرۆ و چیللی و ئەرجەنتیندا درێژدەبێتەوە، لێکەوتەی خراپی لەسەر ئەو کۆمەڵگایانە دروستکردووە کە لەسەر دامێنەکانی دەژین و بۆ بەدەستهێنانی ئاو و خۆراک پشتی پێدەبەستن.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا کەمتر لە ٢١٥ هەزار ڕووباری سەهۆڵین هەیە لە جیهاندا و ئەگەر پلەکانی گەرما بەردەوام بن لە بەرزبوونەوە، ئەوا ڕەنگە تا ساڵی ٢١٠٠ ڕێژەی ٨٣%ی ڕووبارەکان نەمێنن، بەڵام کەمکردنەوەی خێرای دەردانی گازی CO2 بۆ ناو بەرگەهەوا دەتوانێت توانەوەی رووبارە سەهۆڵینەکانی دیکە ڕزگار بکات.













گەلەری