سەردێڕ:

توێژینەوەیەکى ئەمریکی: هەنگ توانای دەستنیشانکردنی جۆرێکی شێرپەنجەی هەیە

PM:05:28:15/06/2024

1432 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریخستووە، هەنگەکان توانایەکی بەهێزیان هەیە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان، لەڕێگەی جیاکردنەوەی هەناسەی مرۆڤێکی تەندروست لە مرۆڤێکی تووشبووی نەخۆشیەکە.


توێژەران لە زانکۆی ویلایەتی میشیگان لە ئەمریکا بۆیان دەرکەوتووە، هەنگ توانایەکی بەرچاوی هەیە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان، لەڕێگەی هەستکردن بە نیشانەی بایۆلۆجی یان چڕیی کیمیایی پەیوەست بە شێرپەنجەی سییەکان ئەوەش لەڕێگەى هەناسەدانی نەخۆشەکەوە.

دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە لەڕێگەی هەنگەکانەوە سێ پڕۆسەی ناو تاقیگە لەخۆدەگرێت، سەرەتا توێژەران جۆرە جیاوازەکانی خانەی شێرپەنجەیی سییەکان لە تاقیگەدا گەشە پێدەدەن.

لە هەنگاوی دووەمدا ئەو خانانە تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ هەوای هەناسەی کەسێکی تەندروست، کاتێک دوو تێکەڵەکە کارلێک دەکەن ئەو هەستەوەرە بچوکانەی کە بەسراونەتەوە بە خانەکانی مێشکی هەنگەکەوە چاودێریی وەڵامی دەمارە خانەکانی هەنگەکە دەکات بۆ تێکەڵەکە، بەمەش دەرکەوتووە دەمارە خانەکانی هەنگەکە دەتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان هەناسەیەکی تەندروست و هەناسەی کەسێک کە شێرپەنجەی سییەکانی هەبێت.

توێژەران باس لەوە دەکەن، ئەگەر پەرە بە تاقیکردنەوەکان بدرێت چی دیکە بە تیشک و ئامێرە زیانبەخشەکان پشکنین بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیە شێرپەنجەییەکان ناکرێت، بەڵکو ئاژەڵە باڵدارەکانی وەک هەنگ دەکرێتە هاوکاری پزیشکەکان.

هاوکات، دێباجیت ساها پڕۆفیسۆر لە زانکۆی ویلایەتی میشیگان لە ئەمریکا باس لەوە دەکات نەک تەنها هەنگەکان توانای بۆنکردن و دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکەیان هەیە بەڵکو مێروو و جرجەکانیش هەستێکی بەهێزی بۆنکردنیان هەیە و دەتوانن نەخۆشی شێرپەنجە لە مرۆڤدا دەستنیشان بکەن.

لەمێژە مرۆڤ سوودى لە بەشێک لە ئاژەڵان وەرگرتووە بەهۆى توانا زۆرەکانیان لە بوارێکى دیاریکراودا، لەوانەش سەگ بەهۆى بەهێزیی هەستى بۆنکردنییەوە بۆ دەستنیشانکردنى تەقەمەنى و مادە هۆشبەرەکان لە خاڵەکانى پشکنین لە بازگەکان و فڕۆکەخانەکان سوودیان لێ وەر دەگیرێت.













گەلەری