بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند دۆسیەیەکی جیاواز کە گرنگترینیان جەنگی ئۆکرانیا و کۆچبەرانە؛ ماوەی دوو رۆژە لوتکەی وڵاتانی حەوت لە شارێکی باشووری ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، لە یەکەم رۆژی لوتکەکەشدا ئەمریکا و ئۆکرانیا رێککەوتنێکی ئەمنی دوو قۆڵییان واژۆکرد کە رێگە بۆ ئۆکرانیا خۆش دەکات لە داهاتوودا ببێتە ئەندامی ناتۆ.
بۆ تاوتوێکردنی پرسە گەرمە جیهانییەکان، وڵاتانی گروپی حەوت بۆ ماوەی سێ رۆژ لە شاری پۆلیا لە ئیتاڵیا کۆدەبنەوە و بڕیاریانداوە لەسەر پێشنیازی ئەمریکا و بەر لە کۆتایی ئەمساڵ، بڕی ٥٠ ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی روسیا بەکاربهێنن بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا.
لەو
چوارچێوەیەدا ئەمریکا پێی وایە بەکارهێنانی ئەو بڕە پارەیە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا
وەک قەرەبوویەک وایە بۆ ئەو زیانانەی روسیا پێی گەیاندووە کە دەتوانێت لە یارمەتی
مرۆیی و ئاوەدانکردنەوەدا بەکاری بهێنێت.
لە سەرەتای
جەنگی ئۆکرانیاوە، یەکێتی ئەوروپا بڕی نزیکەی ٢٦٠ ملیار دۆلاری لە پشکەکانی بانکی
ناوەندیی روسیای بلۆک کردووە و کە بەردەوام حکومەتی مۆسکۆ داوای دەکاتەوە.
لای خۆشیەوە
جۆن کیربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی کۆشکی سپی رایگەیاند، گروپی حەوت بەنیازە
سزای نوێ بەسەر مۆسکۆ و سنووردارکردنی هەناردەکردنی روسیا رابگەیەنێت.
بڕیاریشە
لە لوتکەکەدا جگە لە دۆسیەی ئۆکرانیا کە دەبێتە بابەتی سەرەکی، تیشک بخرێتە سەر دۆخی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و کاردانەوەکانی
لەسەر هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.
لەو بارەیەوە،
ئۆلاف شۆڵز راوێژکاری ئەڵمانیا داوای لە گروپە چەکدارە فەڵەستینییەکان کرد رەزامەندی
لەسەر پلانەکەی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە نیشان بدەن.
جگە لەوانەش
دۆخی ڤەنزوێلا و لیبیا، زیرەکی دەستکرد، کۆچکردن، ئاسایشی ئابووری و پەیوەندی لەگەڵ
هیندستان و چین، لەگەڵ ئاسۆی هاوکاریی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا تاوتوێ دەکرێن.
لە یەکەم
رۆژی لوتکەکەشدا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رێککەوتنێکی
ئەمنی دوو قۆڵییان واژۆکرد، کە بەوتەی زیلینسکی رێککەوتنەکە دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ
بە ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە رێکخراوی ناتۆ.
لە ئەمڕۆشدا
کە دەکاتە دووەم رۆژی لوتکەکە، دۆسیەی کۆچکردن بابەتی گەرمی کۆبوونەوەکانن، بە تایبەتی
بۆ ئیتاڵیا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٢٢ هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریاوە روویان
تێکردووە.
ئەوە لە
کاتێکدایە، جگە لە سەرکردەی هەر حەوت وڵاتەکە، سەرکردەکانی هندستان، باشووری ئەفریقا،
بەڕازیل، ئەرجەنتین، تورکیا، جەزائیر، کینیا و مۆریتانیا لە لوتکەکەدا بەشداردەبن.
گروپی حەوت؛
بەو حەوت دەوڵەتە گەورەیە دەوترێت کە لەڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە پێشکەوتووترین
و بەهێزترین وڵاتانی جیهانن، کە بریتین لە کەنەدا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا،
ئەڵمانیا و ژاپۆن و پێکەوە لە ٦٢٪ـی ئابووری جیهان پێکدەهێنن.