سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، بۆ پاراستنی شارە گەورەکانی ئۆکرانیا لانیکەم پێویستیان بە حەوت سیستەمی بەرگری ئاسمانی جۆری پاتریۆت هەیە. دەشڵێت، چاوەڕوانی بڕیاری ئەرێنی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن سەبارەت بە پێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشەکانیان لە ئەوروپا کار دەکەن و هاوکارییان پێشکەش دەکرێت لەلایەن هاوپەیمانەکانیانەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا چاوەڕوانی بڕیاری ئەرێنی وڵاتانی
ئەوروپا دەکەن سەبارەت بە پێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بە کیێڤ.
باسی لەوەش کرد، ئۆکرانیا پێویستی بە حەوت سیستەمی بەرگری لە جۆری پارتریۆت
هەیە تاوەکو بتوانن شارە گەورەکانی ئۆکرانیا بپارێزن.
ئەڵمانیا پێشتر دوو سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە جۆری پاتریۆتی گەیاندووەتە ئۆکرانیا،
وە بەڵێنی داوە سیستەمێکی دیکە بدات بەو وڵات و لە ئێستادا سەربازانی ئۆکرانیا لەسەری
راهێنانیان پێدەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، روسیا بەردەوام هۆشداری دەدات لەوەی کە دابینکردنی چەک
لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە بۆ ئۆکرانیا دەبێتە هۆی تێوەگلانی وڵاتانی ناتۆ لە
ململانێکاندا و درێژبوونەوەی جەنگ لەگەڵ ئۆکرانیادا.
لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٢، هێزەکانی رووسیا بە فەرمانی راستەوخۆی ڤلادیمێر پوتنی
سەرۆکی رووسیا، هێرشیان بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەست پێکرد، تا ئێستاش جەنگەکە بەردەوامە
و بەهۆیەوە هەزاران کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، هاوکات
ناردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا
بەردەوامن.