سەردێڕ:

فازڵ نەبی: بەغدا سوورە لەسەر بەبانکیکردنی مووچە لەرێگەی بانکە حکومییەکانەوە

PM:01:04:15/05/2024

3068 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارای عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر بەبانکیکردنی مووچە بۆ بەژداریکردنی هەژماری من و بانکە حکومییەکانی عێراق نەکراوە و ئەگەر کێشەکانیان بەم جۆرە بەردەوام بێت و چارەسەر نەکرێت، ئەوا گرفتی مووچە سەرهەڵدەداتەوە. دەشڵێت، " بەغدا سوورە لەسەر بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە".


ئەمڕۆ چوارشەممە، فازڵ نەبی بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە ناڤینی رۆژی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەغدا سوورە لە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و جێبەجێکردنی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێت لەرێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە وەک لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە کێشەی مووچە چارەسەر بکات نەوەک لەرێگای هەژماری من بۆیە تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەو بارەیەوە نەکراوە.

باسی لەوەش کرد، ئەگەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامی هەبێت بەبێ چارەسەرکردن و رێککەوتن لە نێوان هەرێم و عێراق، ئەوا جارێکی دیکە کێشەی مووچە سەرهەڵدەداتەوە. وتیشی، " شاندەکانی هەرێم خاوەن بڕیار و کەسانی پسپۆڕی تێدا نییە بۆیە ناگەنە هیچ رێککەوتنێک و وەک ماوەکانی رابردوو تەنها رێککەوتنەکان سەر زارەکی دەبن بەبێ هیچ چارەسەرکردنێک".

ئەوەشی خستە روو، مووچەی مانگی چوار بەهۆی داواکارییەکی دادگای فیدڕاڵیەوە نێردراوە و ئەگەر بەبانکیکردنی مووچە دەستپێنەکات، ئەوا مووچەی مانگی پینج گرفتی زیاتری بۆ دروستدەبێت وەک لەوەی لە ئێستادا هەیە، بەڵام دەبێت بە گوێرەی یاسا چارەسەربکرێت لە هەموارکردنەوەی بودجەی ئەمساڵی عێراق.













گەلەری