سەردێڕ:

پنتاگۆن: لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ عێراقییەکان کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق باسناکرێت

PM:09:28:12/02/2024

3384 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی لیژنە سەربازییەکانی ئەمریکا لەگەڵ لیژنەی هێزە عێراقییەکاندا باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکرێت. وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش دەڵێت، "ئەمریکا و عێراق باسیان لە دروستکردنی خشتەیەکی کاتی کردووە بۆ کەم کردنەوەی چالاکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق".


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڵاوی کردەوە، لیژنە سەربازییەکانی ئەمریکا و هیزەکانی عێراق لە کۆبوونەوەکانیاندا تاوتوێی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان ناکەن لە عێراق و ناوچەکەدا.

هاوکات، هەر لەو بارەیەوە یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەیی هێزەچەکدارکانی عێراق رایگەیاند، ئەمریکا و عێراق لە دانیشتنەکانیاندا خشتەیەکی کاتیان داناوە بۆ کەمکردنەوەی چالاکییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، تا ئەو کاتەی بە تەواوەتی کۆتایی بە ئەرکەکانیان دێت لە ناوچەکەدا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ ئەوەی هیچ شتێک ئارامی گفتوگۆکانی عێراق و ئەمریکا تێک نەدات، کۆبونەوەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ تەواوکردنی کارەکانیان بە زووترین کات.

هەر ئەمڕۆ، وتەبێژی سودانی رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریکا دەستی پێکردووەتەوە.

وتیشی، "ئەگەر هیچ پێشهاتێک روونەدات کۆبوونەوەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا بەردەوام دەبێت."

رۆژی ١٠ـی شوبات لە پەرلەمانی عێراق لایەنە شیعەکان ١٠٠ واژۆیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق و کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانیان کۆکردەوە، بەڵام لایەنە سوننەکان و کوردەکان ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون.

پێشتر ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوان هەوڵدەدەن کارەکانى لیژنەى باڵای سەربازیى نێوان هەردوو وڵات بەردەوامبێت چونکە رەنگدانەوەی پابەندبوونی قووڵی ئەمریکایە بە سەقامگیری ناوچەکە و سەروەری عێراق.













گەلەری